کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوودجەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر لە ساڵان پێشنیار کراوە

12:08 - 7 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پشکی بوودجەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی داهاتوودا، ١٤ میلیارد زیاتر لە ساڵی ڕابردووە.

ڕێژیمی ئێران کە لە هەموو بوارێکەوە کەوتووەتە مەترسییەوە و ترسی ڕووخانی لێ نیشتووە، بۆ مانەوە و پاراستنی خۆی، بۆ ساڵی داهاتوو، بوودجە وەزارەتی ئیتلاعاتی ١٤ میلیارد زیاتر دیاری کردووە.

بوودجەی پێشنیارکراوی ساڵی ١٣٩٨، بۆ وەزارەتی ئیتلاعات، لە لایەن ڕێژیمەوە، بڕی ٥٨ میلیارد و ٢٥٨ میلیۆنە، لە حاڵێکدا ئەم بڕە بوودجەیە لە ساڵی ڕابردوودا، ٤٤ میلیارد و ٤٧٨ میلیۆن بوو، کە لە بوودجەی ساڵی ١٣٩٨، نزیک بە ١٤ میلیارد زیاتر پشکی بەر دەکەوێت

هەر لەم پێوەندییەدا، بوودجەی سپای پاسداران لە ساڵی داهاتوو، زیاتر لە بوودجەی ئەرتەش دیار کراوە، لە حاڵێکدا کە پێشینەی ئەرتەش لە سپای پاسداران زۆر زیاترە و لە دنیاشدا وەکوو هێزێکی نیشتمانی و فورمیی ئەو وڵاتە ناسراوە.

زیادکردنی بوودجەی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران کە لە بەرهەمەکانی ڕێژیمی ئێرانن، هەموو باس لەوە دەکەن، کە لە بواری ئەمنییەتییەوە ئەو ڕێژیمە، هەڕەشەیەکی زۆری لەسەرە و بۆ سەرکوتی دژبەران و ناڕازییانی خۆی دەیەوێت لە ڕێگای پارەیەکی زیاترەوە، ئەمنییەت و مانەوەی خۆی دەستەبەر بکات.

هەر لەم بارەوە، مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم، لە ٢٧ی سەرماوەز، لە مەجلیسی رێژیمدا، نیگەرانیی خۆی لەسەر یەکڕیزی و تەبایی دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵاتی ڕاگەیاند و وتوویەتی: "لە ئاستی دنیادا لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا، زیاتر لە ٦٤ کۆبوونەوە و هاوبیری لە نێوان لایەنە دژبەرە جیاجیاکان پێک هاتووە و ڕیزەکانی خۆیان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا یەک خستووە".