کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوودجەی ئەرتەش بە سوودی سپا کەم کراوە

12:34 - 5 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٣٩٨دا بوودجەی ئەرتەش کەم کراوەتەوە و بوودجەی سپا زیاتر کراوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە  میدیا نێوخۆیییەکاندا، بوودجەی ئەرتەش، وەزارەتی بەرگری و ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، لە بوودجەی ساڵی ١٣٩٨دا کەم کراوەتەوە، لە کاتێکدا بوودجەی سپای پاسداران و بەسیج زیاتر کراوە.

بوودجەی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، لە ١١ هەزار میلیارد تمەنەوە بۆ ١٠ هەزار و ٢٠٠میلیارد تمەن کەم کراوەتەوە، بەم شێوەیە بوودجەی ئەرتەش بە نزیکەی ٨ لەسەد کەمی کردووە.

بوودجەی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێرانیش لە ٦هەزار و ٨٠٠ میلیارد تمەنەوە بۆ ٣هەزار و٥٠٠ میلیارد تمەن کەم کراوەتەوە، لە کاتێکدا بوودجەی سپای پاسداران لە ٢٠ هەزار میلیارد تمەنەوە بۆ زیاتر لە ٢٥هەزار میلیارد تمەن بەرز کراوەتەوە؛ بەم شێوەیە بوودجەی ئەم ناوەندە بە نزیکەی ٢٥ لەسەد زیاد کراوە.

بوودجەی بەسیج کە لە ساڵی ١٣٩٧دا، هەزار و ٣٠٠ میلیارد تمەن بووە، بە نزیکەی ٢ لەسەد زیاتر کراوە.

 هەندێک لە کارناسان پێیان وایە سوودی سپا لە شیرکەتەکان لە بوودجەی نیزامیدا باس ناکرێت و بە لێکدانەوەی ئەم ژمارانە بوودجەی نیزامی زۆر زیاتر لەم ڕێژەیە دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی "دامەزراوەی نێونەتەوەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک" لە لەندەن،  سپای پاسداران دەسپێڕاگەیشتنی بە سەرچاوەی دارایی لە دەرەوەی بوودجەدا هەیە، کە بە بەکارهێنانیان دەتوانێت بوودجەی خۆی زیاتر بکات.

نوێنەرانی مەجلیسی نۆهەم و دەهەم دوای ڕێککەوتنی ناوکی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤دا، بڕیارنامەیەکی بۆ زیادکردنی بوودجەی نیزامیی ئێران پەسەند کرد، کە بەپێی ئەم بڕیارنامەیە دەوڵەت دەبێت هەر ساڵ لانیکەم ٥ لەسەدی بوودجەی گشتی بۆ بودجەی بەرگری ڕێژیم  تەرخان بکات و هەروەها هەوڵی بەهێزترکردن و فراوانترکردنی تواناییی بەرهەمهێنانی مووشەک بدات.

لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی ڕاپۆرتی ihs مارکێت، بوودجەی نیزامیی زۆرێک لە وڵاتەکان زیادی کردووە، کە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی کانادا و ئیسرائیلەوەیە بە تێچووی ١٧ میلیارد ٤٠٠ میلیۆن تمەن بە بەراورد بە ١٠ ساڵ پێش، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

پێدەچێت بەرنامەی ڕێژیمی ئێران بۆ زیاترکردنی بوودجەی سپای پاسداران، هەوڵێک لە ڕاستای زیاترکردنی تواناییی ئەم ڕێژیمە بۆ ناردنی چەکوچۆڵ بۆ وڵاتانی دیکە و بردنەسەری ڕێژەی چالاکیی تیرۆریستیی ئاژاوەگێڕانە لە ناوچەکەدا بێت.