کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان گورچیلەکانیان دەفرۆشن

10:55 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی شۆرای شاری سەرپێل و زەهاو گوتوویەتی کە بوومەلەرزەلێدراوان بۆ ئەوەی کە بتوانن خانووبەرە دروست بکەن، گورچیلەکانی خۆیان دەفرۆشن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری "موجتەبا جاسمی" سەرۆکی شۆرای شاری سەرپێل و زەهاو بڵاویان کردووەتەوە، خەڵکێک کە ئامادە بێت گورچیلەکانی خۆی بفرۆشێت هەتا خانووبەرە دروست بکەن، ئازارێکی گەورەیە. بومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکان ڕۆح و دەروونی خەڵکی تێک داوە. بڕیار بوو یارمەتی خەڵک بدرێت بەڵام هیچ یارمەتییەک بە خەڵک نەدرا.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە، قوتابخانەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادە نین و تەنیا چەند قوتابخانه بۆ ڕەواڵەت دەکرێنەوە.

هاوکات دۆخی پاک و خاوێنی زۆر مەترسیدارە و شارەوانیی ئەو هیچ پارەیەکی بۆ بەشە تەرخان نەکردووە.

١١ مانگە کە هەر ڕۆژە و هەواڵێکی ناخۆش لەو ناوچانە بڵاو دەبێتەوە: ژیانی ئاوارەیی، بێئاوی، نەبوونی پێداویستییە سەرەکی و سەرەتاییەکانی ژیان، نەخۆشی، سەرما و گەرما، گیان لەدەستدانی منداڵان، خۆکوژی و... هتد.

نزیک بە ١١ مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان تێپەڕ دەبێت، بەڵام لەرزین و ماڵوێرانی و ئاوارەیی لە کرماشان هەر بەردەوامە و ژیان لەو ناوچانە هێشتا ڕەنگی ئاسایی بە خۆوە نەدیوە، وەرزەکان تێپەڕ دەبن و سەرما و گەرما جەستەیان ئازار دەدات؛ خەمی ژیان، داهاتوو و نیشتمان لە نێو خێوەتەکاندا، تێکەڵ بە ئازاری کەمتەرخەمی، ستەم و هەڵاواردنی داگیرکەر بووە و رۆحی مرۆڤەکان لە ئازاردایە.