کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەی سەرپێڵ دوای یەک ساڵ

12:18 - 21 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ساڵێک بەسەر کارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی سەرپێڵ و ئزگڵە تێپەڕی، بەڵام زامەکان هەروا ناسۆرن.

شەوی یەکشەممه، ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٧.٣ ریشتێر، بەشی هەرە زۆری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی زۆری پارێزگای کرماشانی هەژاند. ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە ناوچەی ئزگڵەی سەر به شاری سەرپێڵی زەهاو بوو، له پارێزگای کرماشان کە بووه هۆی کوژران و برینداربوونی پتر لە سەد کەس له کوردستانی باشوور و زیاتر له ١٠ هەزار کوژراو و بریندار لە ڕۆژهەڵات.

هەرچەند تا ئێستاش ئامارێکی ورد لەسەر خەسارە گیانی و ماڵییەکان بڵاو نەکراوەتەوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چەواشەکارانە هەوڵی داوە تاکوو ئاست و بەربڵاوی خەسارەکان کەمتر پیشان بدات، بەڵام بەپێی لێدوانی دانیشتووانی ئەم ناوچانە کارەساتەکە زۆر قووڵتر بووە لەوەیکە کۆماری ئیسلامی باسی لێوە دەکات.

لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا گەلێک نەهامەتی و دژواری بەرۆکی بوومەلەرزەلێدراوانی گرتەوە کە بە کورتی بەم چەشنەن: نەبوونی سەرپەنا، نەبوونی ئاوی خواردنەوە، نەبوونی دەزگای گەرمکەرەوە لە زستان و وەرزی سەرما و نەبوونی ئامێرەکانی فێنککەرەوە لە وەرزی گەرما،، بوونی چەندین جۆر نەخۆشی وەرزی سەرما و سۆڵە و هەروەها نەخۆشی و ئێپیدێمی لە وەرزی گەرما کە چەندین منداڵ بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، نەبوون و کەمبوونی بنکەی تەندرووستی، ژینگەی پیس و نەخۆشیهێنەر، بوونی چەندین جۆر خشۆکەی مەترسیدار، نەبوونی قوتابخانە، نەبوونی یارمەتی ماڵی، دەیان جۆر نەخۆشی دەروونی کە لە هەندێک حاڵەتدا بووە هۆی خۆکوژی و گیان لەدەستدانی هاونیشتمانییان.

لەگەڵ هەموو ئەم گرفتانەدا کۆماری ئیسلامی بۆخۆی بووەتە گەورەترین لەمپەڕ و گرفت بۆ خەڵکی ئەم ناوچە و هەر جارەو بە جۆرێک ئازاری خەڵک دەدات و ڕێگە نادات برینەکانیان ساڕێژ ببێتەوە؛ وەک خودی دانیشتووان و بەجێماوانی بوومەلەرزەکەش دەڵێن بەڵێن و وادە درۆیین و دوور لە ڕاستییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم کە ناوە بە ناوە و وەک توریزم سەردانی ئەم ناوچانە دەکەن هێندەی دیکە برینەکانی خەڵکی قوڵتر کردووە.

هەرچەند یەک ساڵ بەسەر کارەساتی ٢١ی خەزەڵوەر تێپەڕیوە بەڵام هێشتا هیچ هومێد و هیوایەک لای بوومەلەرزەلێدراوان شین نەبووە و ئەوەیکە هەیە تەنیا برینێکی ناسۆرە.