کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوونی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە

10:18 - 11 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی دەوڵەتی ئیسرائیل، هۆشداریان داوە که دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، لە زاری ژنێڕاڵ "تامیر هایمن"، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوه،  ئێران دەتوانێت دەسەڵاتەکانی لە عێراقدا بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی که ئەو وڵاتە بکاتە شوێنێک بۆ خاڵی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

ئیسرائیل، بوونی ئێران لە ناوچەکەدا بە هەڕەشەیەک دەزانێت بۆ سەر وڵاتەکەی و لە سووریەش دەیان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە شوێنی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانن.

هایمن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تلافیڤ باسی لەوە کردووە: "عێراق لە ژێر دەسەڵاتە لەڕاەبەدەرەکانی هێزی قودس و ئێراندایە".

نابراو، جەختیشی کردەوە، "ئێران دەتوانێت عێراق وەکوو ستەیجێک بەکار بهێنێت بۆ خۆجێگیرکردن وەکوو چۆن لە سووریەدا کردوویانە و بەکاری بهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل."

پێشتریش هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، لە زاری سەرچاوە هەواڵییەکانی  ئێرانی، عێراقی و ڕۆژئاواییەکانەوە بڵاوی کردەوە؛ ئێران مووشەکی بالیستیکی مەودا کورتی ڕەوانەی شێعەکانی عێراق کردووە، بەغدادش ئەوە ئیدعایەی ڕەت کردەوە.

بێنامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە، ئەمنییەتی خاکی ئیسرائیل بۆ ئێمە هێڵی سوورە و هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران داوە و وتوویەتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران ئەم هێڵە سوورە ببەزێنێت، هێرش دەکەینە سەر ناوەندە گرنگەکانی لە نێو خاکی ئێراندا.