کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارە ئامریکا لە عێراق بچێتە دەرەوە

19:32 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: " یوسی ملمان" شارەزای کاروباری نیزامیی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە ئەگەری هەیە ئامریکا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە و بەوەش زیان به کورد دەگات.

دوای بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئامریکا لە سووریە و ئەفغانستان، قسە و باس لەسەر كشاندنەوەی هێزەكانی ئامریکا لە عێراق دەكرێت .بۆ ئەمە شارەزایەكی سەربازی ئیسرائیلی هۆشداری دەداتە ئامریکا و دەڵێت، كشانەوەی هێزەكانی ئامریکا لە عێراق هەڵەیەكی ستراتیجی گەورە دەبێت و زیانێكی زۆر بەر هاوپەیمانانی ئامریکا دەكەوێت وەك كورد، سعوودیە و ئیسڕائیل، بە پێچەوانەوەیش مانەوەی هێزەكە دەبێتە بەربەستێكی گەورە لەبەردەم هەوڵی فراوانخوازی ئێران.

شارەزایەكی نیزامیی ئیسرائیلی هۆشداری دەدات لە مەترسیی و لێكەوتەكانی هەنگاوەكانی ئامریکا كە دانڵد ترامپ سەرۆكی ئەو وڵاتە بڕیاریان لەسەر دەدات، بەتایبەت دوای بڕیاری پاشەكشەكردن لە سووریه و ئەفغانستان، مەترسی هەیە هەمان بڕیار لە عێراقیش بدات.

"یوسی ملمان" لە گوتارێكیدا كە لە ڕۆژنامەی "مەعاریف"ـی ئیسرائیلی بڵاو كراوەتەوە، دەڵێت: "هێزەكانی سپای پاسداران دوا مانۆڕی سەربازی گەورەی ژمارە ١٢یان لە چوارچێوەی مانۆڕە سەربازییەكانی "ڕەسووڵی ئەعزەم" لە ئاوەكانی كەنداو ئەنجام دا، كە كەشتییە ئێرانییەكان مووشەكیشیان تێیدا تاقی كردەوە ئەگەرچی كەشتی هەڵگری فڕۆكەی جەنگی ئامریکایی "جان ستینیس" و هێزی یاریدەردەی لەوێ بوون.

ئەو شارەزایەی کاروباری نیزامی هاوڕایە لەگەڵ زۆرینەی شارەزایان و چاودێرە سیاسییەكان كە كشانەوەی ئەرتەشی ئامریکا لە سووریه، بە دیوەكەی تر سەركەوتنە بۆ ڕووسیه و ئێران و شكستیشە بۆ هاوپەیمانانی ئامریکا وەك كورد، سعوودیە و ئوردن و میسر و ئیمارات و ئیسرائیل.