کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بکەرەکانی ئێعدامەکانی ٦٧، خۆیان بە بەرپرسیار نازانن

12:42 - 9 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک، قسەکانی ڕاوێژکاری سەرۆکی هێزی دادوەریی ڕیژیمی ئێرانی بەنیسبەت ئێعدامەکانی ٦٧، وەک بایەخنەدانی ڕێژیم بە یاساکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، وەسف کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٨ی گەلاوێژ، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، بەیانییەیەکی سەبارەت بە دوایین قسەکانی "مستەفا پوورمحەممەدی"، ڕاوێژکاری سەرۆکی بەناو هێزی دادوەری و وەزیری پێشووی دادوەریی ئێران، بڵاو کردەوە کە باس لە پشتیوانیکردن لە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ دەکات.

لە بەشێک لەم بەیانییەدا هاتووە کە ئەم لێدوانانەی "پوورمحەممەدی"، هاوتەریبن لەگەڵ دانانی "ئیبراهیم ڕەئیسی" وەکوو سەرۆکی بەناو هێزی دادوەری، لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٨دا و ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی ئێعدامەکانی ٦٧ لە لایەن بنەماڵەکانی ئەو کەسانەی کە ئێعدام کران و بەجێماوەکانی ئەو ئێعدامانە و پارێزەرانی مافی مرۆڤ زیاتر لە هەموو کات گیانی ئەم کەسانە دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی ئازاردانیان لە لایەن دادوەرەکانەوە.

لە هاوینی ساڵی ٦٧دا، هەیئەتێک بە فەرمانی "خومەینی" دامەزرا کە "حوسێن‌عەلی نیری"،  زانای ئایینی، "مۆرتزا ئەشراقی"، دادوەری ئەو کاتی تاران، "ئیبراهیم ڕەئیسی"، جێگری دادوەری تاران و "مستەفا پوورمحەممەدی"، نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات، ئەندامانی ئەم هەیئەتە بوون و بڕیاریان لەسەر ئێعدامکردنی ٤ هەزار کەس لە دژبەران و ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئیسلامی دا.

منداڵی "حوسێن عەلی مونتەزێری"، فایلێکی دەنگیی لە ساڵی ١٣٩٥ لە باوکی بڵاو کردوەوە کە تێیدا ناوبراو ئێعدامەکانی ٦٧ی لە هەمان ساڵدا لە بەرامبەر ئەندامانی "هەیئەتی مەرگ"، بە گەورەترین جینایەتی ڕێژیمی ئیسلامی ناو بردووە.