کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵێسەی ئاگر لە قووڵایی کەنداو

17:28 - 6 جۆزەردان 2719

مەلا عەلی سێڵاو

ساڵێک لەمەوبەر بەرجام یان هەمان ڕێککەوتنی ٥+۱ سەبارەت بە پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن سەرکۆماری ئامریکا(تڕامپ) سڕ کرا، وڵاتی ئامریکا لە بەرجام کشایەوە و ئەمەش مقۆمقۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و جیهان بەرەو ئاقارێکیتر ڕۆیشت، کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرکات هەڕەشەی ئەوەی دەکرد ئەگەر ئامریکا لە بەرجام بێتە دەر، ئەوا ئێران ئەم بەرجامە ئەدڕێنێت، بەڵام کاتێک ئامریکا لە بەرجام کشایەوە، ڕێژیمی ئێران نەک توانای کشانەوەی لە بەرجام نەبوو بگرە زۆری هەوڵدا بە هەر شێوەیەک بێت بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕووسیە لە بەرجام بمێنتەوە و خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئامریکا بپارێزت.

بەرجام مۆڵەتێکی بە ڕێژیمی ئێران بەخشیبوو کە بە شێوەیەکی بێ باکانەتر بتوانێت هاوکاری تاقمە تیرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵای لۆبنان و هێزەکانی بەشار ئەسەد و حوسییەکانی یەمەن بکات، هاوکات لە وڵاتی عێراقیشدا هێزێک بە ناوی حەشدی شەعبی درووست بکات، ئەم ڕێککەوتنە لە بواری ئابووریدا دەستی ئێرانی بۆ هاوکاری تیرۆریستان و بەرەوپێشبردنی هیلالی شیعی ئاوەڵا کردبوو، بەڵام بە هاتنە سەرکاری ترامپ کۆی ئەم سیاسەتە ئاژاوەگێڕانە کەوتە مەترسی، بۆیە ڕێژیمی ئێران بە پشتبەستن بە وڵاتانی دیکەی بەرجام دەیهەویست بە هەر شێوەیەک بێت لە بەرجامدا بمێنێتەوە.

سیاسەتی ئامریکا بە سەرۆکایەتی ترامپ لەمەڕ کشانەوە لە بەرجام چییە؟

ئامریکا دەیهەێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ئیمزا بکات کە بە تەواوی پێش لە ئێران بگرێت بۆ دەستپێڕاگەیشتنی بەچەکی ناوکی و پشتیوانی کردنی تاقمە تیرۆریستییەکانی سەر بە سپای پاسداران، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدات بە سێ هەنگاو یان ئەوەتا ڕێژیمی ئێران ملکەچ بکات یان گۆڕانکاری جیددی لەم ڕێژیمەدا بەدی بێنێت، دەستنیشانکردنی ۱۲ خاڵ وەک سەرەتایەک بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەم وڵاتە نیشانەیەکە لە هەنگاوە ڕژدەکانی ئامریکا بۆ بە چۆکداهێنانی ئێران.

ترامپ دەیهەوێت لە سێ هەنگاودا بەرەوڕووی ئێران ببێتەوە

هەنگاوی یەکەمی ئامریکا کشانەوە لە بەرجام بوو، ئەم کشانەوەیە بووە هۆی ئەوەی ئێران هاوشێوەی پێشوو نەتوانێت بە پاڵپشتی بەرجام درێژە بە کردەوە تیرۆریستییەکانی بدات یان لانیکەم چالاکییەکانی کەمتر کرانەوە، ئەگەرچی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەموو هەوڵێکیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی بەرجام بمێنێتەوە بەڵام هێزی ئابووریی ئامریکا مەترسی بۆ ئەم وڵاتانە درووست کرد بۆیە مانەوەی ڕۆژئاواییەکانیش لە بەرجام بەهایەکی ئەوتۆی نییە و نابێت.

هەنگاوی دووهەمی ئامریکا گەمارۆی ئابووریی ئێران بوو بە تایبەت لە سەر کەرتی نەوت، ئاشکرایە ٤۰ لە سەدی ئابووریی ئێران گرێدراوە بە فرۆشتنی نەوت و وڵاتی ئێران لە ڕێگای فرۆشی نەوتەوە دەتوانێت پارەی پێویست بە دەست بێنێت، دەزانین پێش هەڵوەشانەوەی بەرجام، ئێران ڕۆژانە نیزیک بە ۲/٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی بە وڵاتانی دەرەوە دەفرۆشت؛ بە گەمارۆ خستنە سەر فرۆشی نەوت، ئێران ڕۆژانە ناتوانێت زیاتر لە ۲۰۰ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت ئەوەش بە واتای کورتهێنانی داهات و بودجە لەو وڵاتەدا.

پاش گەمارۆی نەوت، ئەمجار ئامریکا گەمارۆی خستە سەر ئاسن و مس و ئاڵمینیۆم و جگە لەوەش گەمارۆ لە سەر زۆر کەسایەتی و بانک و کۆمپانیای ئێرانی شکستێکی مەزنە لە ئابووری ئەم وڵاتەدا.

پلانی سێهەمی ئامریکا بۆ گۆڕانکاری لە ملهۆڕییەکانی ڕێژیمی ئێران پلانی هێزی نیزامییە؛ ئەم پلانە پاش نەتیجەی ئەرێنی یان نەرێنی پلانی یەکەم و دووهەم جێبەجێ دەکرێت، واتە ئەگەر ئێران پاش گەمارۆی ئابووری دان بە دانیشتن یان خۆڕادەست کردنی ئامریکا نەنێت و ۱۲ خاڵە دیاریکراوەکە قەبوڵ نەکات، بێشک ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی ئامریکا دەبێتەوە، هاتنی کەشتیگەلی مەزن وەک ئابڕاهام لینکۆڵن و فڕۆکەی جۆری B٥۲ و f۳٥ و چەندین ناوی دیکە بۆ خۆرهەڵاتی ناڤین و کەنداو و ئاڕایشی نیزامی بە دژی یەک، ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەنجامدانی پلانی سێهەم، بەدڵنیاییەوە ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی زیاتر بۆ ناوچەکە هەر ئەو خوێندنەوەیەمان دەداتێ کە ئێران ناچارە یان بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتووگۆ یان ڕووبەڕووی ئامریکا ببێتەوە.

زۆرێک لە شڕۆڤەکارانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتی لە نێوان ئامریکا و ئێران ڕوو نادات یان ئەگەر ڕووش بدات ڕەنگە بە لێدانی چەند شوێنێک کۆتایی پێ بێت، بەڵام مەترسی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل و هاوپەیمانانی ئامریکا لە ناوچەکەدا دوودڵمان ناکات لە سەر ئەنجامدانی پلانی سێهەم چوونکە جیا لەوە بە هەر شێوەیەک ئامریکا هێزەکانی خۆی پاشەکشە پێ بکات لە ڕووی سیاسییەوە تووشی شکستێکی مێژوویی دەبێت و چۆڵکردنی پشتی هاوپەیمانانی وەک وڵاتانی عەرەبی دەبێتە هۆی لە دەستدانی متمانەی ئەم وڵاتە زلهێزە و ئەکتیڤ بوونی ڕووسیە و گۆڕانی ڕوانگەی گشت هاوپەیمانەکانی.

ئێران بە هەڕەشەی سەربازی دەیهەوێت ترس بخاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە کە ئەگەر شەڕێکی فیزیکی سەر هەڵبدات ئەوە کۆی ناوچەکە تووشی کێشە ئەبێت بەڵام ئێران لە ڕووی هێزی نیزامی و چەکوچۆڵی جەنگی ئەو پوتانسییەڵەی نییە کە بۆ ماوەیەکی دووری زەمەنی ڕووبەڕووی هێزی سەربازی پۆشتە بە بەهێزترین چەکە مۆدێڕنەکان بێتەوە و هاوکات لە رووی ناوخۆییشەوە متمانەی گەلانی ئێرانی لە دەستداوە و ئەوەش قەیرانێکی مەزنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، واتە ئێران لە ئەگەری شەڕێکی نیزامی لەگەڵ ئامریکا تووشی شەڕێکی مەزنی ناوخۆییش دەبێت و دەبێ ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی جەماوەری و گەلانی ژێردەستیش ببێتەوە کە ئەوەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەگەرچی ئێران هیوا و هوومێدی بە تاقمە بەستراوەکانی خۆی وەک بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و حیزبوڵای لوبنان و... بەستووە بەڵام ئەم تاقمانە لە هەڵگیرسانی هەر شەڕێکدا ڕەنگە پاشەکشە بکەن یان خۆیان تێوەنەگلێنن.

دەبێت هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و خەباتکارەکانی ئێرانی بە زوویی بەرەیەکی بەرین پێک بێنن بۆ ئەوەی بتوانن ئێران لە قەیرانی دوای شەڕ سەرکەوتوو بکات و پێش بە کاولکاری زیاتر بگرن، ئاڵتڕناتیڤێکی بەرین بۆ دواڕۆژ ڕزگاریکەری ئێران دەبێت هەم لە خاپوورکردنی ئەم وڵاتە، بە تایبەت کورد دەبێت خۆی ڕێک بخاتەوە و بە هێزی نیشتیمانی خۆی ئامادە بکات.

دیارە ترامپ هەر کام لە بەڵێنەکانی خۆی ئەنجامداوە و تاکوو هەنووکەش پێداگرە لە تەواوکردنی گشت بەڵێنییەکانی، یەکێک لەو بەڵێنیانە بنبڕکردنی کێشەی یەکجاری نێوان ئامریکا و ئێرانە. سیاسەتی ترامپ لە سەر ئێران چ لە ڕووی گەمارۆی ئابووری بێت چ لە ڕووی هێرشی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێ دێنێت یان بە تەواوی ملکەچی ئامریکا دەکات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.