کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی میکۆنۆس، سێمینارێک بەڕێوەچوو

13:58 - 26 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، سێمینارێکی تایبەت بەڕێوەچوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەرمانان، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات، بۆ ڕێزگرتن لە بیرەوەری و یادی شەهیدانی میکۆنۆس، سێمینارێکی تایبەت بۆ دوکتور "میرۆ عەلیار" جێگیری بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات پێکهات.

ئەم سێمینارە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان ژیاننامەی کورتی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی پێشکەش کرا.

دواتر دوکتور "میرۆ عەلیار'، لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا، بە شێوەیەکی کورت شێوەی ڕوودانی تێرۆری میکۆنۆس و ڕەوتی دادگا بۆ بەدواداچوونی ئەم ڕووداوە بۆ بەشداربووان گێڕایەوە، کە چۆن کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار ناسێندراوە.

ناوبراو هۆکاری سەرەکیی تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێران و بەدواداچوونی دادگای میکۆنۆسی بۆ ئەو کەیسە بۆ هەڕەشەی تێرۆریزمی ڕێژیم بۆ سەر حاکمییەتی ئورووپا و هەڕەشە بەردەوامەکانیان بۆ کوشتنی  دادستانی میکۆنۆس گەڕاندەوە. لەمبارەوە قسەی یەکێک لە پارێزەرەکانی کەیسی میکۆنۆسی هێنایەوە کە وتبووی: "بەر لە دادگای میکۆنۆس ئورووپا ببوو بە سەرزەمینێکی بێ یاسا و ڕێسا و لێپرسینەوە بۆ تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی کوشتنی چالاکانی ئۆپۆزسیۆنی خۆی".

دوکتور "میرۆ" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی دادگای میکۆنۆس لە کورتکردنەوەی دەستی تێرۆری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئورووپا کرد کە بەهۆی بڕیاری دادگاوە تا چەند ساڵ پێش ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەیتوانیوە هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی لەنێوخاکی ئوروپادا ئەنجام بدات.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە هۆکاری بە سمبول بوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی کرد و ڕایگەیاند: "لە مێژووی جووڵانەوەکانی کورددا، زۆر جار بینراوە کە ڕێژیمەکان بۆ لەنێوبردنی جووڵانەوەکان هەوڵی لەنێوبردنی ڕێبەرەکانیان داوە جا چ بە کوشتن بێت یان بە هەر جۆرێکی دیکە بێت و دوای نەمانی ڕێبەر، شۆڕش تووشی ئاشبەتاڵی بووە. بەڵام دوکتور شەرەفکەندی ئەو تەلیسمەی شکاند، نەیهێشت جووڵانەوەی کوردستانی ئێران دوای شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو تووشی ئەو کارەساتە بێت. دوکتور شەرەفکەندی شانازیی کۆتاییهێنان بەو دیاردە جەرگبڕەی جووڵانەوەکانی کوردی بە ناوی خۆی تۆمار کرد".