کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ سەفەرکردن بۆ سربستان، هاووڵاتییانیی ئێرانی لەمەوبەدوا پێویستیان بە ڤیزا دەبێت

11:10 - 19 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی سربستان ئیزنی سەفەرکردنی هاووڵاتییانیی ئێرانی بەبێ ڤیزای بۆ ئەم وڵاتەی هەڵوەشاندەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەر، ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، کە دەوڵەتی سربستان حوکمی سەفەرکردنی بەبێ ڤیزای هاووڵاتییانیی ئێرانیی، بە هۆی کەڵکاژۆگرتن لە وەها دۆخێکی هەڵوەشاندەوە.

دەوڵەتی سربستان، هاوینی ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی بووژاندنەوەی پیشەی گەشتیاریی بە ڕووی گەشتیارانی نائورووپایی، ئیزنی بە گەشتیارانی ئێرانی دا، کە بەبێ ڤیزا سەردانی ئەم وڵاتە بکەن.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران کەڵکاژۆییان لەم بڕیارەی دەوڵەتی سربستان گرتووە و ئەم بڕیارەی دەوڵەتی سربستانیان وەک هەلێک بۆ ڕۆیشتن بۆ وڵاتانی ئورووپایی بەکار دەهێنا، یاخود لە کاتی ڕۆیشتن بۆ وڵاتی سربستان لەم وڵاتەدا ماونەتەوە و داوای مافی پەنابەریان کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە، هەتا ئێستا لە ئەمساڵدا نزیکەی ١١٠٠ ئێرانی بە شێوەی فەرمی داوای پەنابەرییان لە وڵاتی سربستان کردووە، بۆ ئەوەی لە ئیمکاناتی ناوەندەکانی پەنابەران، وەک خواردن و شوێنی حەوانەوە کەڵک وەربگرن.