کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان داوای پارە لە قوتابییان دەکرێت

17:30 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی قوتابخانەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەرەستەی خزمەتگوزاری بۆ قوتابییان، داوای پارە لە بنەماڵەی قوتابییەکان دەکەن.

لەو دۆخە شپرزە ئابووری و کۆمەڵایەتییەدا کە بە سەر هەموو شارەکانی ئێراندا زاڵە و هەموو بنەماڵەکانی تووشی قەیران کردووە، بەرپرسانی قوتابخانەکان بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیان و بە قسەی خۆیان نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و تەرخانکردنی کەرەستەی شیاوی فێرکاری و خزمەتگوزاری بۆ قوتابییەکان، داوا لە بنەماڵەی قوتابییەکان دەکەن، کە بە دانی پارە یارمەتیی قوتابخانەکان بدەن.

لە نوێترین حاڵەتدا، بەرپرسانی قوتابخانەیەک بە دانی فۆرمێکی تایبەت بە قوتابییەکان داوای پارەیان لێ کردوون، کە لەم فۆرمەدا ئاماژە بە ئەم خاڵانە کراوە: کڕینی پێداویستییەکانی فێرکاری، چاککردنەوەی سیمکێشی و گۆڕینی سیمکێشیی کلاسەکان، گۆڕینی دەرکەی قوتابخانە، چاککردنەوەی کورسییەکان، بژارکردنی دارەکان، گۆڕینی میلەی ئاڵا، چاککردنەوەی ئسفاڵتی حەوشەی قوتابخانە، کڕینی شێری ئاو بۆ ئاودەستەکان، لوولەکێشی گاز و چەندین خاڵی دیکە.

داواکردنی پارە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە لە حاڵێکدایە کە بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران، خوێندنی قوتابییان هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغی دواناوەندی دەبێ بێبەرانبەر بێت.

زۆربەی کات وەرگرتنی ئەم پارەیە لە وەرگرتنی یارمەتی بۆ قوتابخانەکان تێدەپەڕیت و شێوازی زۆرەملێ  دەگرێت و بە هەڕەشە لە قوتابییان وەردرگیردرێت. بەرپرسانی قوتابخانەکان لە کاتی تاقیکارییەکانی کۆتاییی ساڵدا و بە بیانووی کڕینی کاغەز و دابینکردنی پێداویسییەکانی ڕۆژی تاقیکارییەکان، داوای پارە لە قوتابییەکان دەکەن و هەڕەشەیان لێ دەکەن، کە لە ئەگەری نەدانی پارەکەدا، ناتوانن بەشداری تاقیکارییەکان بکەن.