کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە دوو زیندانیی سیاسیی کورد چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە چوو

19:52 - 14 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بۆ پشتیوانی لە دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە تاران، پێتەختی ڕێژیمی ئێران چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانی لە "ڕامین حوسێن پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵا پوور" دوو زیندانیی سیاسیی کورد کە ئەگەری ئێعدام کرانیان لەئارادایە، چالاکیی تەبلیغییان لە نێو شاری تاران و ناوەندیی شارستانی دەماوەند سەر بە پارێزگای تاران بەڕێوە برد.

لەم چالاکییەدا وێنە و پووستێری تایبەت بەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردە لە شوێنە گشتییەکاندا بلاو کراوەتەوە و هەوڵ بۆ ڕیسواکردنی حوکمی داسەپاو بەسەر ئەم دوو لاوە کوردە دراوە.

ڕۆژی رابردووش ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە بانگەوازێکدا، داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان و هاونیشتمانیان کرد، دژی بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی، چالاکیی ناڕەزایەتیی دەرببڕن.

هاوکات ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا بە نیسبەت پشتڕاست کردنەوەی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی نیگەرانیی خۆی دەربڕی و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمەی ڕێژیمی ئێرانی کرد.

به نیسبەت حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن پەناهی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی زیندانیی سیاسیی کورد ڕابگرن.