کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ کاک چەکۆ

23:56 - 22 بانەمەڕ 2718

ئەحمەد کاکە مەمی
عومەر غوڵامعەلی


خۆزگە بە خۆت لە گۆڕستانی شەهیدان، لای ئەوانەی خۆشت دەویستن و خۆشیان دەوێستی هەر لە ژێر ئەو خاکە پاکەی خەباتی ڕزگاریت بۆ دەکرد، ئارامت گرتووە... خۆ دەزانم ئۆقرە ناگری، دڵت ناسرەوێ... منیش هەروا... پێشمەرگەکانیش هەروا... گەلەکەشت هەروا

هاوڕێی فەرماندە

لە یادی هەرمانی تۆدا شینی کۆچی یەکجاریت و شایی شانازییەکانی خەرمانی ژیانی پڕ لە سەروەری و تێکۆشان و خەباتت دەگێڕین. 

لە تیشکی ئەم کەلە بپرس با بێژێ
با لە زامی چیا ، با لە چیمەنی نەخشینی بە خوێنڕەنگینی هەموو کوردستانی خەمگینم بدوێ
پێن بڵێ ڕازی هەرمانی گوڵ و ڕۆینی ڕووبار
کۆتەرە و چرۆ چۆن ئاوێزانی باڵای ژیان دەبنەوە
با خۆر لە تەتەڵەی ئەم داستانەوە دابێژێ
لە چ هەرەمە و جەنگەیەکدا چاکیان کرد بەلادا
مەچەکی لێبڕانیان هەڵماڵی و
گێژەڵووکەی ناهومێدییان لەبەر خۆرا دا
بپرسن،
بپرسن با گەرمێن و کوێستان بۆمان بگێڕنەوە
بپرسن لە شەماڵ
بپرسن لە زریان
چۆن کیژ و لاوی ئەم وڵاتە
بونە گڕی سەرکڵی مەشخەڵانی ئەم خەباتە
گەلۆ
با زاگرۆس سەربردەی ئەم تەمەتان بۆ وەگێڕێ
لەو هەورە بپرسن
کوڵی کام دڵە و
لە کام ڕووباری فرمێسکەوە هەڵساوە
لە ئاراز و باراندێز و نازلوو
لە سارۆخ و کەڵوێ
لە جەخەتوو
لە تەتەهوو بپرسن
لە بارانی چەنێک چاون
لە قەندیل و لە ئاگری، لە لەند و شاهۆتان پرسیوە بورکانی دامرکاوی چەن هەناون
ئەم تۆفە هی کام هەناسەیە
ئەم چەخماخەیە هی کێها هەنیسکە
باری ئەم لێوە بۆت دواوە، هێڵی ئەم تەوێڵە هی کامە تاسەیە؟
لە بەرد بپرسن، لە دار، لە هەرد بپرسن، لە چۆم بپرسن، لە کەنار
لە لێڕ و لە مێرگ و گیا
لە ڕێبوار و ڕێوینگان بپرسن
لە ڕێگا:
دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران نووسیی: 
بەڕێز "عەبدولرەحمان ڕەحیمی" ناسراو بە "چەکۆ" ئەندامی خەمخۆر و تێگەیشتوو و لەمێژینەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵی ١٣٣ی هەتاوی، ١٩٥٤ی زایینی لە شاری شۆڕشگێڕانی دێموکرات، لە مەهاباد لە دایک بوو. بنەماڵەی هاوڕێی شەهیدمان کاک چەکۆ بنەمـاڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و ناسراوی مەهاباد بوون. کاک چەکۆ دوای فەرمانی جەهادی خومەینی بە دژی کوردستان وەک ئەفسەرێکی نێشتمانپەروەر و بەهەڵوێست بە ئاشکرا دەستی دایە چەکی بەرگری لە مان و کەرامەتی نەتەوەکەی و وەکوو مامۆستایەکی نیزامی، دەورەی تایبەتی بۆ پێشمەرگەکان دادەنا. ئەو لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی و فەرماندەیی حیزبی دێموکراتدا ناوبانگی چەکۆی وەرگرت و بوو بە کاک چەکۆی خۆشەویستی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان. کاک چەکۆ بە ماوەی ٣٣ ساڵ یەكێک لە ئەندامانی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. هاوڕێیەکی تێکۆشەر، کەسێکی دڵسۆز بۆ حیزب و گەلە بەشخوراوەکەی و ڕۆڵەیەکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و وەفاداری مەکتەبی دێموکرات بوو، کە لە ڕیزی کادر و پێشمەرگەکاندا خۆشەویست و لە ڕیزی ڕێبەرایەتی حیزبدا کەسێکی خاوەن هەڵوێست و بەدیسیپلین بوو..

کاک مەلا حەسەن شێوەسەڵی بە تێروتەسەلی بەوپەڕی هەستەوە لەسەر ژیان و مانیدا لە بەش بەشی وتارەکەیدا ئاوای گوت: 
بەداخم کە زیان و خەسارەتە قورسە ئینسانییەکان ماوە بە ماوە بە کڵۆ و بە هێشوو وەک کالایەکی مێژوویی لە دەوری هێزە سیاسییەکانی کوردستان و حیزبی دێموکرات وەردەهاڵێنەوە. کاک چەکۆ لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی مەهابادی و کوڕی میرزا مینەی ڕەحیمی و کەسی باوەڕپێکراوی شەخسی پێشەوا قازی محەمەد و پێوەندیی ڕاستەوخۆی دەگەڵ خودی پێشەوا هەبووە. دیارە کاک چەکۆ ودمی کوردبوون و دێموکراتبوونی لە نێو خانەوادەی خۆیەوە وەرگرتوە. من لە قارەمانەتی و ئازایەتی و جەنگاوەری و کەسایەتی بەرزی کاک چەکۆ کتێبکم پێیە و زۆر شت دەزانم. لە زۆر کات و ساتی سەختدا پێکەوە بووین. کاک چەکۆ لەگەڵ ئەوەی کە ڕەشتەی نیزامی لە دانیشگای ئەفسەری شیراز تەواو کردبوو و نیزامیکار بوو، بەڵام کەسایەتییەکی دوورئەندێش و سیاسی و متوازع و سادق و دڵسۆز بەدوور لە حەرەکاتی تیاتریکاڵ و فەزلفرۆشی و خۆبەزلزانی... 

کاک چەکۆ هەر ئەندامێکی بەوەج و کارامەی حیزبەکەی نەبوو، باوکێکی دڵسۆز و هاوسەرێکی بەوەفا و ئومێد و ڕووناکایی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بوو. مێژوو نیشانی داوە پیاوە گەورەکان بە مردنیان لەنێو ناچن، بەڵکوو دەبنە هەوێنی ژیانی نوێ، ورەی نوێ و هێز و بەرخۆدانی نوێ. 

کاک چەکۆ تۆ موژدە بووی و هیوا بووی، تۆ ورە بووی تۆ هەمیشە وەک باران بەپیت و بەر و پڕ لە بەرهەم بووی، وەک کێوەکانی کوردستان سەربەرز و پەناگا و وەک دارەگوێز و کانیاوەکانی کوردستان سایە خۆش و دڵنشێن بووی، تۆ لە ئەخلاق و کرداردا نموونە و لەسەر بووی. بە باوەڕ بە خەبات و سەرکەوتنی شۆڕش وەک قەندیل قورس و قایم بووی. تۆ وەک هەڵوی بەرزەفڕ و ئاوێنەی باڵانوێنی" چۆن بژی نەک چەندە بژی". تۆ نامری، تۆ لە مردن بەهێزتری. موژدە بێ پێشمەرگەکانت بە نرکەی شێرانە و ورەی بەرزانە بە خوێنی خۆیان "جەزیرەی بەناو ئارامشی" دڵڕەشان تێک دەدەن و خەو و ژیانیان دەشێوێنن. دڵنیابە گەلەکەت هەرگیز ڕێگا نادات کە کەسانی بێئیرادە و سست مەرام ئەو ڕێبازەی تۆ گرتبووت لاڕێ بکەن، ڕێگا و ڕێبازی تۆ و ڕێبەرانی شەهید هەر بەردەوام و درێژەی هەیە و دەبێ:
بۆ کاک چەکۆی هاوڕێم!
هۆ کاکی پێشمەرگە،
گەرووی کام چەک
بەرووی کام سەنگەر
بالای کام چیا و 
داوێنی کام زنار، سێبەری کام لێر، کام بەستێنی چۆم، لەپی کێهە پێدەشت، لەم زەمەنی خەباتەدا، لە گشت ئەم شار و گوندەدا، کێها ساڵ و ورز و مانگ و ڕۆژ، کامە ڕێگا
لەم کاولە نیشتمانەی مندا
بۆت نەگریا؟

کاک چەکۆی فەرماندە، ڕۆڵە کوردی بەبیر و بڕوا و بەشکۆ! وەفادارتر لە وەفاداران! نەسرەوتی نەحەساوەی شەونەخونکێشی شەوانی سەهۆڵبەندان و بەرڕێژنە باران. ماندوونەناسی گەلناسیی بەحەسرەت! ئەی فەرماندە! ئەی ژنراڵی قوبەی سەرشانەت ئەستێرە و مانگ و ڕۆژی کوردستانە. ئەی ناسیاری ناسراوی کوردستان و هەندەران. مامۆستای نەوەستی دەربەستی بەهەستی پێشمەرگەی دێموکرات. مارشاڵی بێماڵ و حاڵ و ڕاهاتوو بە ژینی تاڵ و قەت لە دەست دەرد و حەسرەت نەناڵی کورد، ئەی شایانی ژووڕاترین میداڵیای پلەی خۆڕاگری... ئەی ڕێبواری ڕێگای هاتونەهات... بۆچی ئەم شین و خەم و تەمە هەر کۆتایی نەهات!
ئەی ئازادی! دژت داری بەرت بە تەوری جەور لە بن دەبڕن، لە سەرت سەر دەبڕن، خەوی شیرنت لە چاو دەزڕن... من بە خوێن ئاوم دای و ئاوت دەدەم، بە هەناسەی گەرم و سارد باوەشێنم کردی و باوەشێنت دەکەم. 

خەڵک بە تانک و تۆپ و ژار بێدار و بێزارت دەکەن. من بە سروودی ئینسانییەت بە دەنگی پێشمەرگە، دێوەزمەی مەرگت دەڕەوێنم. بە نارەی سۆزی دایکی شەهید و بە نووزی هەتیوی بێباب گەلێک ساڵ و زەمانە چیرۆکی دیرۆکی خۆمت بۆ دەکەمە شەوچەرەی شەوانی زستان و شەوی بێبنی یەلدا... لەمێژە لەمێژە لە وەتی مێژوو هەیە بە دواتدا دەگەڕێم و دەسەرت دەگەڕێم. 

هەلوێشكی وەبیرت دێ هەزاران کانی و سەرچاوە، سەدان ڕووباری بەر کراوە، دەیان دەریای شەپۆلاوی نەحەساوەت ویشک کرد، ئەی بۆ جارێ، مانگێ و ساڵێ چاوەی فرمیسکی چاوی بێبنی کوردت نەویشکاند! تاکەی ئەم دڵە بە کوڵەوە بکوڵێ، تاکەی ئەم چاوەی چاوەڕوانی بڕوانێتە ئاسۆی نادیار و سیمای دژ و تاڵی نەیار! 

کاکی خۆم ڕۆژان و شەوانێکم لەبیرە و ئێستاش لە بەرچاومە و لە هەست و ویژدانمدا زیندووە، کە بە لکی جامەدانییەکەت فرمێسکی گریانی پێشمەرگەی هاوسەنگەری شەهیدت دەسڕی و خەمت لە دڵ دەبڕی، چەندە وێڕای پێشمەرگەکانت پێکەنی و گریای... کاکی خۆم چەندە بە ورە و ئازا و هۆشیار و زانا و وریا و بە خۆزگە و بریا بووی ... 

دڵنیام ئێستا مەرگیش کە فرمێسکی پێشمەرگەی ناو سەنگەر و تەمی خەمی هەڵگوردی بەگورد و حەسرەتی خەباتکاران و شادی نەیاران دەبینێ پەشیمانە و پەشیمانتر لە پەشیمانی و شەرمەندە و شەرمەزارە.

خۆزگە بە خۆت لە گۆڕستانی شەهیدان لای ئەوانەی خۆشت دەویستن و خۆشیان دەوێستی هەر لە ژێر ئەو خاکە پاکەی خەباتی ڕزگاریت بۆ دەکرد، دەخەوی... خۆ دەزانم خەوت لێ ناکەوێ، دڵت ناسرەوێ... منیش هەروا... پێشمەرگەکانیش هەروا... گەلەکەشت هەروا....

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.