کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆڵتۆن ئەگەری هێرشی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانی هەڵسەنگاندووە

11:25 - 24 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی کۆشکی سپی، لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا، داوای لە پنتاگۆن کردبوو، کە هێرشی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران تاوتوێ بکات.

ڕۆژی شەممە،٢٣ی بەفرانباری ٩٧ی هەتاوی، "واڵ ئستریت ژۆرناڵ"، لە زاری هاوکارانی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئامریکاوە ڕایگەیاند، کە جان بۆڵتۆن لە مانگی خەرمانانی ٩٧دا، داوای لەو وەزارەتخانە کردووە، ئەگەرەکانی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران تاوتوێ بکەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هۆکارەکانی ئەم هەوڵە، لە ئاکامی هێرشێکی چەکداری لە لایەن گرووپێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران هاتووەتە ئاراوە، کە بە هاویشتنی سێ خومپارە بەرەو ناوچەیەکی دیپلۆماتیکی بەغداد و نزیک بە باڵوێزخانە ئامریکا لەو وڵاتە، خەساری ماڵی لێ کەوتەوە.

جان بۆڵتۆن یەکێک لە دژبەرانی توندی ڕێژیمی ئێرانە و بەردەوام هەوڵی داوە ئەو ڕێژیمە بخاتە بارودۆخێکی دژوارترەوە و هەروەها لە مانگی خەزەڵوەری ٩٧دا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر زیادبوونی بەرچاوی گەمارۆوەکان وتوویەتی: "ئەوەندە زەخت دەخەینە سەر ڕێژیمی ئێران تا دەنگی وردبوونی ئێسکەکانیان بەرز بێتەوە".

لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا، تەواوی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خرانەوە کە بە هۆیانەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانێکی ئابووریی بەرین هاتووە و لە نێوخۆدا بەرەوڕووی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو بووەتەوە.