کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێنازیی ڕۆژە جیهانییەکان

23:31 - 17 بانەمەڕ 2716

کەریم پەرویزی

لەوەتەی دونیا خەریکی گەشەکردن و بونیاتنانی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ ژیانی ئاسوودەی مرۆڤەکان و بڕگە بە بڕگە و هەنگاو بە هەنگاو لە بیری دۆزینەوەی ڕێگە چارە بۆ کەمکردنەوەی ڕەنج و مەینەتییەکانی مرۆڤە، تا ئێستا وێنەی سیستمی وەکوو کۆماری ئیسلامی کە هەنگاو بە هەنگاو، هەموو ڕێگاچارەکانی جیهانی بەتاڵ بکاتەوە و دژ بە هەرجۆرە پێگەیشتنێکی جیهانی بێ، کەم بووە.

تەنیا مەگەر لە سەردەمی هێرشی هەخامەنشی و نێرۆن و مۆغۆل و بەڕبەڕەکان بۆ سەر شارستانیەتەکاندا وەها نموونەیەکی وەکوو کۆماری ئیسلامی ببینیتەوە، هەڵبەت لە ئێستاشدا داعشی بەدیهاتووی بیری ئیسلامیی توندڕەو، وەکوو مەکتەبی خومەینی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی‌دا بوون بە دووانەی شەڕئەنگێزی و کاولکاری.

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا دوو ڕۆژی جیهانی تێپەڕین، کە بە هەموو نێوەڕۆک و ماناکانیانەوە دەرخەری دژایەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بیر و هزری جیهانیدان، ئەوانەش ڕۆژی جیهانیی کرێکار و ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنین.

ڕۆژی جیهانیی کرێکار بۆیە دیاری کراوە تاکوو هەموو مرۆڤەکان و چین و توێژەکان لە مەینەتی و ئازارەکانی چینی کرێکار تێبگەن و دەیان ساڵە خەبات دەکرێ تاکوو سیستمی ئابووری تۆزێک دادپەروەرانەتر بکرێ و لە ڕەنجەکانی بەشێکی گرینگی کۆمەڵگا کەم بکرێتەوە.

ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنیش بۆ ئەوەیە تاکوو لە هەموو جیهاندا ڕێز لە بیری ئازادی مرۆڤەکان بگیرێ و سووکایەتی بە بوونی ئینسانییان نەکرێ، گەر هاتوو تۆزقاڵێک جیاواز لە سیستمی سیاسیی زاڵ بیریان کردەوە و دەریان بڕی.

بەڵام لە ئێراندا یادکردنەوە لە ڕەنج و ئازاری کرێکاران دەکرێ؟ لە کرێکاران و چەوساوەکانی ئێران گەڕێین کە لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئاخوندی‌دا ڕەنجەکانیان هەزاران قات بۆتەوە، ئایا ڕێژیمی ئیسلامی تەنانەت ڕێگا دەدا کە کرێکارانی ئێران یادی ئازارەکانی کرێکارەکانی ئامریکا لە سەدەی ڕابردوودا بکەنەوە؟! لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنیدا تاکە یەک کەس لە ئێراندا ڕێگەی پێ دەدرێ کە هەر تەنیا بڵێ کە ڕۆژی ٣ی مەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنیە؟

لە ڕۆژی کرێکاردا ڕووحانیی خاوەن کلیلی ڕیاکاری لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بە ماشێنی دژە فیشەکی میلیاردی سەردانی کارگەیەک دەکا!

هەر لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنییش‌دا ڕاپۆرتی یانەی ئازادی لە ئامریکا بڵاو دەبێتەوە کە ئێران لە ڕیزی یەکەمی سانسۆڕ و سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕیندایە!

چەندە بێ‌نازن ڕۆژە جیهانییەکان لە ئێراندا و سیستمی دەسەڵاتداریی ئێرانیش چەندە لەگەڵ ڕەوتی جیهانی‌دا هاوتەریبە!