کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕێزیی وەزیری تەندروستی ڕێژیم بە هاووڵاتییەکی هەژار

10:59 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، بە شێوازێکی گاڵتەئامێز و بێڕێزییانە وڵامی گلەییەکانی هاووڵاتییەکی هەژاری داوەتەوە.

لە ڤیدئۆییەکی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت، پیاوێکی بەتەمەنی نانەوا لە لای وەزیری بێهداشت و تەندروستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، گلەیی لە گرانبوونی دەرمان و فیزیووتراپی هاوسەرەکەی دەکات و هانای بۆ وەزیر هێناوە، بەڵام حوسێن قازیزادە وەزیری بێهداشت و تەندروستیی ڕێژیم، لەوپەڕی بێباکی و گوێنەداندا، بە شێوەیەکی گاڵتەئامێزانە بەو پیاوە بەتەمەنە نانەوایە دەڵێت: کە خۆت لە ماڵەوە فیزیووتراپی بۆ خێزانەکەت بکە و خۆت لەشی بشێلە.

ئەم قسانەی وەزیری بێهداشت و تەندروستیی ڕێژیم، لە  تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر کاردانەوەی توندی هاووڵاتییانی ئێرانی بە دواوەوە بووە و خەڵک ڕەخنەیان لە بێڕێزییەکانی ئەم وەزیرەی ڕێژیم گرتووە.

یەکێک لە کاربەرانی تویتێر لەم بارەوە نوسیبووی: "پێشنیاری وەزیری بێهداشت بۆ تەواوی نەخۆشی و کێشەکان: "فیزیووتراپی: خۆتان بشێلن، کەمی دەرمان: خۆتان لە جیاتی دەرمان ئاو نەبات بخۆن،  بەرزبوونەوەی گومرۆکی دەرمان: خۆتان دەرمان بکەنـ"ـە!

ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری بێهداشتی ڕێژیم بەم چەشنە بێڕێزیی بە هاووڵاتییان دەکات و بە شێوازێکی گاڵتەئامێز وڵامی داواکاری و گلەییەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە، پێشتریش لە سەردانێکیدا بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، منداڵێک کە گلەیی لە خراپی بارودۆخی ژیانیان و نەبوونی خانووەیەکی شیاوی ژیان لەو وەزیرە دەکات، بە پێکەنینەوە و بەوپەڕی بێڕێزییەوە وڵامی ئەم منداڵە دەداتەوە.

لە دوای دەستپێکردنی خولی یەکەمی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران نرخی دەوا و دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەیان بە خۆ بینیوە.