کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاربوونی زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکە لە سەقز

19:22 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەهۆی لاوازی ماڵی، شیرکەتێکی دیکە لە شاری سەقز، ناچار بە دەرکردنی زیاتر لە ٣٠ کرێکاری خۆی بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوێنێ دووشەممە شیرکەتی بڵاوکردنەوەی شتومەکی خواردەمەنی دروستکار [ پخش مواد غذایی درستکار ] لە شاری سەقز زیاتر لە ٣٠ کەس لە کرێکار و کارمەندەکانی خۆی لە سەر کار دەرکرد .

بەپێی ئەم هەواڵە خاوەنی ئەم شیرکەتە هۆکاری دەرکردنی ئەم کرێکارانەی بۆ کەم بوونەوەی فرۆش و ناتەوانی شیرکەت لە دابین کردنی شتومەکەکان لە شارە گەورەکانی ئێرانەوەگەڕاندۆتەوە . پێویست بە وتنە بە هۆی دابەزینی نرخی تمەن و ناسەقامگیری بازاڕی ئێران شیرکەت و کارخانە وەبەرهێنەرەکانی ئێرانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کاڵاکانی خۆیان گران کردووە و جیاواز لەوەش زۆربەی کات تەنیا بە پارەی نەقد کاڵاکانیان دەفرۆشن . 

ئەمە دووهەمین حاڵەتی بێکار بوونی کرێکاران لە شاری سەقز لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا تەنیا لە شاری سەقزە؛ ماوەیەک پێش ئێستاش کارخانەی قەندی غوڵامی زیاتر لە سەد کرێکاری خۆی لە سەر کار لابرد . 

بەپێی دوایین زانیارییەکان هەنووکە زۆربەی کارگە بچووکەکان لە شەهرەکی بەناو سەنعەتی قاراوای سەقز چۆڵ کراون یان بە شێوەی نیوە کات و بگرە کەمتر لەوەش کار دەکەن . 

سەرەڕای ئەوەیکە بێکاری و لە سەر کار دەرکردنی کرێکاران لە چەند مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەڵام هیچ ئۆرگانێکی حکومەتی لەم شارەدا پشتیوانی لە کرێکارەکان نەکردووە و بە هانای داواکانیانەوە نەچووە؛ کارفەرما و خاوەن کارگە و شیرکەتە بچوکەکانیش بە هۆی وەزعی زۆر خراپی ئابووری و هەڵاوسانی بازاڕ ناتوانن وڵامدەری خواستی کارمەند و کرێکارەکانیان بن و لە ترسی مایەپوچ بوون پەنا بۆ کەم‌کردنەوەی هەزینەکان دەبەن کە بە گشتی هەم کرێکار و هەم کارفەرما لەم جەغزە ناسەقامگیرەی ئابووریدا و هەرکام بە نیسبەتی خۆیان تووشی زەرەری ماددی دەبن.

دەرکردنی ئەم کریکارانە لە کاتێکدایە کە بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانە خێزاندارن و سەر بە چینی کەم داهاتی کۆمەلگەن و لەباری دەروونییەوە خەسارێکی بەرچاویان وێدەکەوێت کە ڕەنگە بە هیچ پێوانەیەک مەزندە نەکرێت . 

بەپێی پێوانەیەک کە لە ماڵپەڕی "رتبە آنلاینـ"ـی سەر بە ڕێژیم، بڵاو بووەتەوە، مەودای لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران و سەبەدی بژیوی ژیان (سبد معیشت) لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا، ١٧٠ لەسەدە.