کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ڕۆژی خوێندکاری کورد چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە چوو

17:18 - 13 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات لە سەنگەری زانکۆوە بە بۆنەی ٥٠مین ساڵیادی شەهیدکرانی شەهید ئیسماعیل شەریف زاده چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خوێندکارانی دێموکرات و خۆڕاگر لە مەتەرێزی زانکۆوە و بۆ درێژەدان بە ڕێبازی شەهید ئیسماعیل شەریف زاده، هێمای خوێندکاری کورد و هەموو شەهیدانی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

خوێندکارانی دێموکرات لە شاری پیرانشار بە بۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد، لە شاخەکانی گوندی کاسوورەدێی پیرانشار ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد و بەڵێنیان نوێ کردەوە تا گەیشتن به ئامانجەکانی شەهیدان درێژە بە خەبات بدەن.

ئەو ئاڵایە ٢٠ میتر درێژایی و ٣ میتر پانایی هەبووە.

خوێندکارانی کورد لەو چالاکییەدا ڕایانگەیاندووه، ئێمە لاوانی خوێندکار و خەباتکار، لەم ڕۆژە مێژووییەدا لە چیا سەرکەشە دوژمنشکێنەکانی پیرانشار لەگەڵ شەهیدانی کورد و کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە؛ ئێمە بە هەڵکردنی ئەو ئاڵایە بە دوژمنانمان دەسەلمێنین کە بە شەهیدکردنی شەریفزادەکان ناتوانن کاروانی خەباتمان رابگرن و سەدان شەریف‌زادە لە سەنگەردان؛ ئێمە داری لێڕەوارین و ناشکێینەوه.

ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهید ئیسماعیل شەریف‌زادەیە، کە ئەو ڕۆژە لە لایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد ناودێر کراوە.