کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە کوردستان، چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو

13:55 - 24 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتەوە لە شارەکانی ئێران و کوردستان، چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ٢٣ی گەلاوێژ، قارەمانانی دێموکرات لە گوندەکانی: ''خەلیفە تەرخان (زێدی شەھید کاوە جەوانمەرد)، ئەوێهەنگ، نییەر و تەنگیسەر"، سەر بە شاری سنە، بە بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی و نووسینی دروشم، یادی ۲٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت.

ئەو شوێنانەی کە لە گوندی تەنگیسەر چالاکیی تەبلیغیی تێدا کراوە بریتین لە: ''مزگەوتی جامیعەی تەنگیسەر، مزگەوتی ژوورین و کتێبخانەی دوکتور قاسملوو، شیرکەتی گاز، دێهیاری، پۆست بانک، ڕیزە دووکانەکانی پێش گوندی تەنگیسەر''.

هاوکات لە شاری سنە، لە گەڕەکەکانی: ''فەڕەح، کانی کووزەڵە، موارەکئاوا، قشڵاخ، نایسەر، بەهاران،  فەرەجە و  فەیزاوا''، تراکت و پۆستێری تایبەت بەو یادە بڵاو کرایەوە.

بەم بۆنەوە، شەوی ٢٢ی گەلاوێژ، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەریوان، لە گوندەکانی: ''بێساران، هەرسین، لەنگەرێز و بۆڕیەر،'' چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان ئەنجام داوە کە بووتە هۆی خوشحاڵیی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

هەروەها شەوی ڕابردوو، تێکۆشەرانی ئازا و چاونەترسی دێموکرات، لە مزگەوتی شارەدێی ''نێ''، سروود و دروشمەکانی ڕاسانیان بڵاو کردووتەوە و لاوان شادی و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە.

چیاباوەڕانی دێموکرات، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، لە شاری نۆدشە، سروودی دوژمن شکێنی ''ئەی ڕەقیبـ''ـیان بڵاو کردەوە. 

هاوکات، ئەندامان و لایەنگرانی تێکۆشەر و دڵسۆزی حیزب، بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ، لەنێو شاری دێولان و دەوروبەری، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.

ئەم شوێنانەی کە چالاکیی لێ ئەنجام دراوە بریتین لە: ''گەڕەکی شافێعی، مەیدانی خولەفای ڕاشێدین، گەڕەکی زاگرۆس، گەڕەکی فەرهەنگییان، ئامووزش و پەروەرش ، گەڕەکی جەهادگەران، گەڕەکی قەدیمیی دێولان، گەڕەکی قەڵاییەکان کناوا، ئاوایی کەبوتەرخانی و سەدی سەنگ سیا''.

بە بۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، قارەمانانی دێموکرات لە ناوچەی تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕی سەر بە شاری ورمێ، بە نووسینی دروشمی : ''بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، بژی پێشمەرگە، مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران"، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی کە چالاکییان تێدا بەڕێوەچووە بریتین لە: ''جادەی نێوان گوندی شێخ شەمزین هەتا گەرووی ئەنبارەی شێبان، گوندەکانی هالوڵان، ئاودی، حەکی و بازاڕی حەوتانەی گوندی ماوانە، جادەی نێوان گوندی ماوانە بو گوندی کوڕانە تا پردی دۆبرە، دزەی مەرگەوەڕ، زێوە، چریاوا، شێخ زەرد، گێسیان و تاڤگەی سوورە دووکەڵ''.

هەروەها، شەوی ٢٤ی گەلاوێژ، لە شاری مەهاباد، لە گوندەکانی ''لەج و کۆسەکەرێز'' بە بڵاوکردنەوە تراکت و پۆستێری تایبەت و نووسینی دروشم، یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت و چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ڕۆڵەکانی ئازا و بەجەرگی دێموکرات لە شاری بۆکان لە شوێنەکانی وەک: "دەوروبەری موجتەمەعی ئیدارات، بازاڕی مەڕوماڵات و شوێنە گەشتیارەکانی ئەو شارە"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هاوکات، لە شاری پیرانشار، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، یادی  ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەرز ڕاگرت. هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە سەیرانگای ''کانی لۆسە، پشتی گۆڕی دیلانان''، سەر بە ناوچەی پیرانشار، بە نووسینی دروشم، ئەو شوێنەیان نەخشاندەوە.

هەر بەم بۆنەوە، چاونەترسانی دێموکرات لە گەڕەکی ئەمیرئابادی شاری شنۆ، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر لەم پەیوەندییەدا، قارەمانانی دێموکرات لە شاری تاران، بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرینی تەبلیغی، یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت.