کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بیانووی نەبوونی بودجە، پرۆژە ئاوەدانکردنەوەکان ناتەواو ماونەتەوە

11:56 - 23 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ئیلام، باسی لەوە کردبوو کە تەواوکردنی گەڵاڵەی نەخۆشخانەی ٣٦١ تەختیی ئیلام، پێویستی بە ٩٠ میلیارد تمەن بودجە هەیە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، "محەممەد کەریمیان"، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ئیلام، لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "بۆ تەواوکردنی ٣٠ لەسەدی ئەو گەڵاڵەیە، ٩٠ میلیارد تمەن بودجەمان پێویستە".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە: "بۆ دابینکردنی ٦٠ میلیارد تمەن لەو بودجەیە، بەڵێنیی یارمەتیمان پێدراوە".

ئەو نەخۆشخانەیە بڕیارە لە ١٠ نهۆمدا و بە پانتایی ٦.٥ هێکتار و بە ژێرخانی ٣٣ هەزار میتری چوارگۆشە دروست بکرێت.

دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیە لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە دەستی پێکردووە و پاش تێپەڕینی نزیک بە ٨ ساڵ، خەڵکی ئیلام هێشتا چاوەڕێی تەواوبوونی ئەو گەڵاڵەیەن.