کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە فەرمانی خامنەیی لێپرسینەوە لە وەزیرەکانی ڕێژیم هەڵوشایەوە

12:09 - 17 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بە فەرمانی ڕێبەری ڕێژیم، گەڵاڵەی لێپرسینەوەی وەزیرانی ڕێژیم لە مەجلیسدا، هەڵوەشایەوە.

بەپێی  هەواڵە بڵاوکراوەکان لە هێندێ ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، بە فەرمانی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، هەموو گەڵاڵەی لێپرسینەوەی وەزیرەکانی ڕێژیم لە مەجلیسدا هەڵوەشایەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ماڵپەرێ "سەحام نیوز" نزیک لە مەهدی کەڕوبی، حەوتووی پێشوو، نووسینگەی خامنەیی، لە نامەیەکدا فەرمانی هەڵوەشانەوەی لێپرسینەوەی وەزیرانی ڕێژیمی بە عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، ڕاگەیاندووە.

هەر لەم هەواڵەدا باسی لەوە کراوە، کە لەم نامەیەدا نووسراوە: "بەپێی هەلومەرجی ئاڵۆزی وڵات، لێپرسینەوەی وەزیران بە قازانج نییە".

بە هۆی ئەم نامەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لێپرسینەوەی مەحموود حوجەتی، وەزیری جیهاد، عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی، وەزیری نێوخۆ، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم هەڵوەشایەوە.

خامنەیی کە پاش خومەینی وەکوو ڕێبەری ڕێژیم دیاری کراوە، لە سیستمی ڕێژیمدا، هێندە دەسەڵاتی ڕەهای پێ دراوە، کە لە هەموو کاروبارێکدا دەستێوەردان دەکات و خۆی بە ژیرترین کەسی ئەو وڵاتە و تەنانەت دەسنیشانکراوی خوا بۆ سەرزەوی دەزانێت، لە حاڵێکدا ئێران لەوپەڕی بێدەرەتانی و هەژاریدایە.