کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی نەبوونی مامۆستا، بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکانی کوردستان بە داخراوی ماونەتەوە

16:29 - 19 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وێڕای تێپەڕبوونی نزیک بە دوو مانگ لە دەسپێکی وەرزی نوێی خوێندن، هێشتا بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی مامۆستا، بە داخراوی ماونەتەوە.

سەرەڕای ئەوەیکە نزیک بە دوو مانگ لە کرانەوەی قوتابخانەکان و دەسپێکی وەرزی نوێی خوێندن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕ دەبێت، هێشتا بەشێکی زۆر لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی مامۆستا، بە داخراوی ماونەتەوە و قوتابیانی ئەو خوێندنگە و قوتابخانانە وەرزی نوێی خوێندیان دەست پێ نەکردووە.

پارێزگای ئیلام، یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستانە کە پاش دەسپێکی وەرزی نوێی خوێندن لە ئێراندا، تا هەنووکە بەشێکی زۆر لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی شار و گوندەکانی بە هۆی نەبوونی مامۆستا، بە داخراوی ماونەتەوە و قوتابییان وەرزی نوێی خوێندنیان دەستی پێ نەکردووە.

پاش ئەوەیکە بنەماڵەی قوتابییان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای ئیلام لە سەر ئەو پرسە بەدواداچوونێکی زۆریان کردووە، بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەو پارێزگایە ڕایانگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنان لە سەرجەم شار و ناحیەکانی پارێزگای ئیلام لەگەڵ نەبوونی مامۆستا بەرەوڕوو بوونەتەوە و توانایی دابینکردنی مامۆستا بۆ زۆربەی قوتابخانە و خوێندنگەکانی ناوچە جیاوازەکانی پارێزگایان نییە.

وێڕای ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیم دەبێت لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو پرسەدا بن، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیدییان لەمبارەیەوە هەڵنەگرتووە و دواکەوتوویی باڵی بە سەر زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایەدا کێشاوە.