کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی کەمتەرخەمی ڕێژیم بارودۆخی خوێندن لە پارێزگای ئیلام نالەبارە

18:03 - 26 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئیلام جارێکی تر ناڕەزایەتی لەهەمبەر کەمتەرخەمی کاربەدەستانی ڕێژیم سەبارەت بە دۆخی خوێندن لەو پارێزگایە دەربڕی.

سەرەڕای ئەوەیکە نزیک بە دوو مانگە وەرزی نوێی خوێندن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە، لەم ماوەیەدا چەندین جار بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر باودۆخی نالەبەر و نەگونجاوی خوێندن لەو پارێزگایە دەربڕیوە.

ڕۆژی شەممە ۲۶ی خەزەڵەوەر بەرانبەر بە ۱۷ی نۆڤامبر، ئێسفەندیار ڕۆستەمزادە، بەرپرسی گشتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند، کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە هۆکاری کێشەی ماڵی و نەبوونی دارایی، توانای دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییەکانی قوتابخانە و خوێندگەکانی ئەو پارێزگایەی نییە و ئەو بڕە تێچوویەش کە لە لایەن وەزارتی پەروەردەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە دیاری کراوە وەکوو دڵۆپێک لە زەریایە.

ڕۆستەمزادە، لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە پەرتووکاوی بینای قوتابخانەکان و کۆن بوون یان نەبوونی زۆربەی کەرەستە و پێداویستییە پەروەردەییەکان له خوێندنگەکانی سەرتاسەری ئێران و پارێزگای ئیلام بەتایبەتی، وتی: "پێکهاتەی بینای قوتابخانە و خوێندنگەکانی سەرتاسەری وڵات و پارێزگای ئیلام بەتایبەتی هەمووی پەرتووکاون و کەرەستەی پەروەردەییان تێدا نییە و ئەگەریش هەبێت کۆنن و لە بارودۆخێکی نەگونجاودان کە بۆ کەڵک وەرگرتن نابن، ئەو بڕە تێچووەش کە بۆ خوێندن لەو پارێزگایە دابین کراوە بۆ هەڵسەنگاندن لەگەڵ تێچووی دیاریکراوی پارێزگاکانی تری ئێران نابێت".

ناوبراو لە کۆتاییشدا جارێکی تر جەختی لە سەر کێشەکان کردەوە و دووپاتیشی کردەوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە توانای دابینکردنی هەموو کەرەستە و پێداویستییەکانی پەروەردەییمان نییە و بە ناچاری لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەگونجین، ئەو بڕە تێچووەش کە لە لایەن حکوومەتەوە بۆ خوێندنی ئەو پارێزگایە دیاری کراوە وەکوو دڵۆپێک لە زەریایە.

شایانی باسە کە لە حەوتووی ڕابردوودا بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام ڕایانگەیاند کە بە هۆی نەبوونی مامۆستا زۆربەی قوتابخانە و خوێندنگەکانی ئەو پارێزگایە بە داخراوی ماونەتەوە و زۆربەی منداڵانی ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە هێشتا وەرزی نوێی خوێندیان دەست پێنەکردووە.

تا هەنووکەش بەرپرسانی سیاسی و پەیوەندیداری ڕێژیم هیچ گرینگییەکیان بەم دۆخە نەداوە و هیچ هەنگاوێکی کردەوەییان لەمبارەیەوە لەو پارێزگایە و پارێزگا هاوشێوەکانی تری کوردستان و هەرێمە دواکەوتووەکانی تری ئێران هەڵنەگرتووە، ئەمەش نیشانەی سیاسەتە قێزەون و کاولکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی کوردستان.