کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە کاتی ڕاپەڕین

17:38 - 2 جۆزەردان 2719

سۆران شەمسی

چوار دەیە پێش ئێستا و ڕێک مانگەکانی پێش لە خۆپیشاندنە ھەمەلایەنەکانی گەلانی ئێران، خومەینی کە ئەو کاتە لە دەرەوەی ئێران بوو، زۆر وادە و بەڵێنی دا، کە ڕەنگە گرینگترینیان ڕێزگرتن لە مافی نەتەوەکانی ئێران و ڕێز لە دێموکراسی و دەستەبەرکردنی دادخوازی بۆ ژنان بوو.

 زۆربەی کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕوانگەی خومەینییان پەسەند کرد، زۆربەیشیان لە گوێگرتنی ئەم قسانە دڵخۆش بوون و پێیان خۆش بوو و بە ئامانجی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی ھەوڵیان دەدا. خومەینی ئەو کاتە کاراکترێکی بۆ خۆی ساز کردبوو کە خەڵکی بە دوای خۆی ڕادەکێشا بەڵام بە بۆنەی ھەمووی ئەمانە درۆی دەکرد، ھەمووکات لەسەر قسەکانی خۆی نەبوو و دوای گەیشتن بە پۆستی فەرماندەی گشتی ھێزە سەربازییەکان، پشتی لە ھەموو ئەو وادە و بەڵێنانەی کە دابووی، کرد. ڕێژیم دوای شۆڕشی گەلان لە ئێراندا حکوومەتێکی مۆنۆپۆلی (ڕێژیم احتکاری) درووست کرد کە دژی دێموکراسی کاری دەکرد.

دەسەڵاتداران کاری زۆریان لە ڕێژیمی نوێ ئەنجام دا، لە گرتنی ئازادی بەیان، پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان، سەرکوت، تێرۆر و حیجابی زۆرەملی و لە ھەمووی ئەمانە گرینگتر، ڕێژیم لەو ساڵانەدا زیاتر لە ھەزاران کەس کە دژبەری ڕێژیم بوون لەسێدارەی دا.

ڕێژیمی ئیسلامی، جیا لە تاوان و جەنایەتەکانی کە لە نێوخۆ ئەنجامی دەدا و زەختی زۆری لە سەر نەتەوەکانی نێوخۆی ئێران دەکرد، لە دەرەوەی وڵاتیش دەسترێژی دەکرد و بۆ تێرۆری دژبەرانی خۆیان ھێندێک تێرۆریستیان بەکار دەھێنا و لە ناو گرووپی تێرۆریستی سوپای تێرۆریستی پاسداران دایاندەمەرزاندن.

یەک نموونەی ھەرە ڕوونی ئەم کارانە، تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، کە لە پێتەختی وڵاتانی ئۆتریش و ئاڵمان لە لایەن نێردراوەکانی ڕێژیمەوە تێرۆر کران، دروست ھاوکات لەگەڵ ھەوڵی ڕێژیم بۆ چەوساندنەوەی نەتەوەکانی ئێران لە ھەموو بوارێکدا، لە بەرانبەردا ھەوڵی بە تاڵانبردنی دارایی و زیادکردنی داهاتی دەسەڵاتداران و ئەو بەرپرسانەی کە یارمەتیدەری ڕێژیم لە خوڵقاندنی تاوان و جەنایەتەکان دژی نەتەوەکانی ئێراندا بوون، دەدات.

ڕێژیم لە کاتی ئێستا ھیچ جیاوازی لەگەڵ ڕێژیمی گەندەڵی کە چوار دەیە پێش ئێستا کە لە سەر کار بوو، نیە بەڵکوو خراپتریش بووە، بۆ نموونە سوپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ھەروەکوو مەکۆی تاوانباران هەڵسوکەوت دەکات کە ئابووری ڕێژیمی لە ژێر دەسەڵاتی خۆی گرتووە و ڕێبەری ئێستای ڕێژیمی ئیسلامی، بەرپرسی بەشی دارایییە کە خۆی دەیان میلیارد دۆلار دارایی و داهاتی ھەیە، ئەمرێک کە بووەتە ھۆی ئەوەی کە زۆربەی خەڵکی ئێران بەو ئاکامە بگەن کە ژێبەرانی ڕێژیم ھەموویان گەندەڵ و کارنەزانن.

تا ڕادەیەکی گشتیی نەتەوەکانی ئێران، لە ئێستادا شریتەیەک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەست پێ کردووە و ھەنووکەش بەردەوامە، زۆربەیشیان ئێستا ترسێکیان نیە کە بۆ بانگەوازی ناڕەزایەتی دژی ئەم ڕێژیمە تەنانەت گیانی خۆیشیان بخەنە مەترسیەوە، دیمەنەکانی ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینانە لە نووسینی دروشمەکان لەسەر دیوار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانین ببینین.

ئێستایش ئەندامانی نەتەوەکانی نیشتەجێی دەرەوەی ئێران، ھەوڵێکی زۆریان داوە تا بۆ قوناغی نوێ ئامادە بن و قۆناغێک لە ڕووخانی ڕێژیم نزیکتر ببنەوە، جێگای ئاماژەیە کە ئەو جناح و لایەنانەی کە لە ئێران بوونی ھەیە وکوو ڕیفۆرمخوازەکان و بناژۆخوازەکان و کۆنەپارێزەکان، (اصلاح طلبان و اصول گرا و محافظە کار)، تەواوی پرۆسەکانی ئەوانە و بەرپرسانی سیاسی لە خۆیانن.

تەنیا خاڵی ئاماژەپێدراو ئەمەیە کە نەتەوەکانی ئێران بڕوایان بە بڕیار و پلان و وادەکانی ڕێژیمی نیە و لە زوڵم و سەرکوتی ئەم ڕێژیمە بە زاڵە ھاتوون، ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەری ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی کە لە نێوخۆی وڵات ڕەھەندەکانی نەتەوەیی بەخۆیەوە گرتووە، بە گشتی حەپەساون.

ئەوەی کە ئێستا لە ئێران بەرەوپێش دەڕوات، شۆڕشێکە بە واتای ڕاستەقینە، ئەم شۆڕشە بناغەی لە ناڕەزایەتییەکانی چەند دەیەی لەمەوبەرەوە کە لە وڵات ھەبوو بە دژی هەژاری و کارەساتی ژینگە، سێدارە، نەبوونی ئازادی، پێشیلکردنی مافی نەتەوەکان و هتد، لە ساڵەکانی ڕابردوودا بە شێوازی بەردەوام لە ئارادا هەبووە.

ئەوەی کە ئێستا هەیە زۆر جیاوازە، ڕووداوەکانی ئێستا لە ئێران، شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەییە کە ڕاستەوخۆ و بە شێوازی بنەڕەتی لووتکەی ڕێژیمی ئیسلامیی مەلاکانیان کردووەتە ئامانج، ئەم تایبەتمندییە خاڵی جیاوازیی شۆڕشی ئێستای ئێران لە بەراوەرد لەگەڵ بزوتنەوەکانی دیکەیە، دروشمەکان زیاتر لە جاران نیشانەی بێزاری ھەمەلایەنەیە لە ڕێژیمی دەسەڵاتدارە و دژایەتی خەڵک، نەتەنیا لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ویلایەتی فەقیییە، بەڵکوو تەنانەت لەگەڵ خودی ئیسلامەی کە ئەوان ناساندوویانە.

شۆڕشی ئێستا لە ئێراندا، لە لایەن نەتەوەکانی ئێرانەوە لە کاتی دەستپێکردندایە کە چوار دەیەیە لە ژێر ھێڵی هەژاریدا ژیان دەکەن و ئەمە بەو مانایەیە کە دەتوانین بڵێین ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران تووشی داڕمانێکی کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژیک بووە، بێگومان شۆڕشی داھاتوو ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئێسلامیی تاران دەکاتە ئامانج، بیروڕاکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم نیشاندەری ئەوەیە کە ترس لە ناو ڕێژیمدا هەیە، نەک نەتەوەکانی ئێران.

شۆڕشی داھاتووی ئێران ھەمەلایەنە دەبێت، ھەمەلانەیە بەو واتایە کە لە ناو تەواوی نەتەوەکانی ئێراندا سەرهەڵدەدات. ڕوونترین تایبەتمەندی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە پێکهاتەی ڕێژیم دەکاتە ئامانج، ھەرچەند دەسەڵاتدارانی ڕێژیم تێدەکۆشن ھەروەکوو ڕابردوو شۆڕشی داھاتووش بە دەسەڵاتی دەروە ببەستنەوە، بەڵام ئەم تۆمەتانە نێشاندەری ئەوەیە کە ڕێژیم بە تەواوەتی لە داخوازییەکانی نەتەوەکەانی ئێران بێدەسەڵات و ناتەوانە و جگە لەسێدارەدان، هەژاری، تێرۆر و پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران ھیچ تایبەتمەندییەکی دیکەی نەبووە.

بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، لافاوی پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام لە کوردستان و خوزستان لە ئەهوازی، لە ڕوودانی بوومەلەرزەی سیاسی لە ئێراندا ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەبووە و ئاگاداری نەتەوەکانی ئێران لە گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی لە نێوخۆی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێسلامی ئێرانە.

شۆڕشی داھاتووی نەتەوەکانی ئێران، شۆڕشێکی ھەمەلایەنەیە دژی ڕێژیمی تۆتالیتر_ئایینی، کە لە کۆتاییدا دەبێت بەم پرسە گرینگیشە سەرنج بدرێت، نەتەوەیەک کە قسەی بۆ وتن ھەیە یا ئەیھەوێت لە کۆمەڵگای جیھانیدا ڕۆڵی ھەبێت، ئەبێت بتوانێت توانایی خۆی لە ھەموو بوارێکدا زیاد بکات، چونکە توانایی و بەرەو پێشچوون ئەمرێکی پێویستە، یان ئەبێت بەدەستی بێنی یان لە گۆڕەپانەکەدا دەربچیت، بەس بەدەسھێنانی ئازادی و بەروپێشچوون لە گرەوی رووخانی ئەم ڕێژیمەدایە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.