کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە کرانەوەی قوتابخانەکان، کێشەی بنەماڵەکان زیادی کردووە

12:31 - 31 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لەبەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکاندا، گرانیی کەلوپەلی خوێندن و تێچووی قوتابخانەکان، بنەماڵەکانی تووشی کێشە کردووە و ئێستاکە لە سەرەکیترین کێشەکانی بنەماڵەکان، دابینکردنی کەلوپەلی خوێندن بۆ منداڵەکانیانە.

گرانبوونی نرخی کەلوپەلی خوێندن و هەروەها بەرزبوونەوەی تێچووی قوتابخانەکان لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا لە کێشە سەرەکییەکانی خەڵک بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا دێتە ئەژمار.

لەم پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی خوراسان، ئینفۆگرافیکێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێێدا، بەراوردێک لە نیوان نرخی کەلوپەلی خوێندن لە ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا کراوە.

ئینفۆگرافیکەکە نیشان دەدات کە تێچووی گشتیی جانتایەکی سادە بە هەموو پێداویستییەکانەوە بۆ قوتابییەک لە ساڵی ٩٧دا، لە ٨٠ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە ١٧٥ هەزار تمەن لە ساڵی ٩٨دا.

بەپێی ئەم ئینفۆگرافیکە نرخەکان بەم شێوەیە زیادیان کردووە: "تێنووسەکان لە ٣ هەزار تمەنەوە گەیشتوونەتە ٦ و ٨ هەزار تمەن، جۆرەکانی پێنووسی ٢٤ دانەیی لە ١٨ هەزارەوە گەیشتووەتە ٤٠ هەزار تمەن و هەروەها نرخی قەڵەمتراش لە ٦ هەزارەوە بۆ ١٠ هەزار و نرخی یەک بەستە میدادی ڕەنگیی ١٢ ڕەنگ لە ١٨ هەزارەوە بۆ ٢٣ هەزار بەرز بووەتەوە".

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن کە نرخەکان زۆر زۆر زیاتر لەم ڕێژەیە بەرز بوونەتەوە و بەتایبەت لە پیشانگا پاییزییەکاندا کە بە مەبەستی فرۆشتنی کەلوپەلی قوتابخانە کراونەتەوە، فرۆشیاران بە لابردنی نرخەکان لەسەر کەلوپەلەکان، تێچوویەکی زۆرتر لە کڕیارەکان وەردەگرن و نرخەکان زۆرتر سەلیقەیین و لەم نێوانەدا کەسانێکی بەرژەوەندیخواز قازانجی چەند بەرابەریش دەکەن.

لە لایەکی تریشەوە، بەرپرسانی زۆربەی قوتابخانەکانیش بۆ وەرگرتنی قوتابییان داوای بڕە پارەیەکی زۆر لە بنەماڵەکان دەکەن.

گرانبوونی کاغەز و هەروەها پێداویستییە سەرەتاییەکانی کەلوپەلی خوێندن و کۆنترۆڵ نەکردنی بازاڕەکان لە لایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گرانبوونی پێداویستییەکانی قوتابخانەکانن. لە لایەکی دیکەشەوە چاوەدێری نەکردنی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بەسەر قوتابخانەکاندا و وەرگرتنی پارە لە بنەماڵەکان دەتوانێت لە سەرەکیترین هۆکارەکانی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن بێت.