کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی هەڵبژاردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرکۆماری تورکیە، مستەفا هیجری نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی ناوبراو کرد

18:42 - 22 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نامەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان وەکوو سەرکۆماری تورکیە، لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز/ رەجەب تەیب ئەردۆغان
وێڕای سڵاو ‌و رێز!
خۆشحاڵین بە هەڵبژاردنتان لەلایەن خەڵکی تورکیە وەک سەرکۆماری داهاتووی ئەو وڵاتە.

هەنگاوەکانتان لە رابردوودا سەبارەت بە هەوڵدان بۆ چارەسەریی کێشەکانی تورکیە و یەکێک لەوانە پرسی کورد لە رێگای ئاشتی و دیالۆگ، ئەو هیوایە لە دڵی ئێمە ‌و کوردەکانی دانیشتووی تورکیەش بەهێز دەکا کە بەڵێنەکانی بەڕێزتان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ بنیاتنانی تورکیەیەکی نوێ، لە ئاشتی چارەسەریی یەکجاری پرس و داخوازە رەواکانی کورد و پەرەگرتنی دێموکراسییەکی بەرینتر لە تورکیە هەنگاوی بە کردەوەی بۆ هەڵدەگیرێ ‌و تورکیە لە هەموو روویەکەوە بەرەو پێش دەبا.

ئێمە پشتیوانی لە بە ئەنجام گەیشتنی پرۆسەی ئاشتی دەکەین کە ئێستا لەئارا دایە ‌و هیوادارین لەو ئەرکە گرینگەدا کە بە ئەستۆتان گرتووە، بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ و سەرکەوتوو بن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
٢١/٥/١٣٩٣ی هەتاوی
١٢/٨/٢٠١٤ زایینی