کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە، ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو

19:29 - 19 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە بەڕێوەبرد.

هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی، ١٨ی گەلاوێژ، یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە بەڕێوەبرد.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر "ئاویەر شێخی"، ڕاوێژکاری ڕێبەریی یەکیەتی لاوان، پەیامی ئەم یەکیەتییەی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێکی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە هەموو ساڵێک دروشمێکی تایبەت بۆ ئەم ڕۆژە دیار دەکرێت و ئەمساڵیش لاوانی جیهان لەژێر دروشمی " گۆڕینی پەروەردە" چالاکییەکانیان لەم ڕۆژەدا بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ڕەوتی پەروەردە و گرینگیدانی زیاتر بەم بوارە بەڕێوە دەبەن و ڕایگەیاند: "لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو و بەگشتی مرۆڤ لە دواڕۆژدا بە ئاسوودەیی بژین، بەردەوام هەوڵ بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژیان و بەتایبەتی پەروەردە دەدرێت، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێران دەسەڵاتی دواکەوتووخوازی زاڵ بە سەر ئەو وڵاتەدا، نەتەنیا پلانێکی بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکوو بەردەوام وەکوو کەرەستەیەک بۆ پەرەپێدانی سیاسەتە دژە گەلییەکانی خۆی بە کاریان دەهێنێت و بە پەروەردەیەکی تۆخی دواکەوتوویانە و جاهیلیانە هەوڵ دەدات  بیانکاتە ماشینێکی تێرۆر و کوشتن".

"ئاویەر شێخی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی خراپی لاوانی ژێر سایەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا کرد کە چۆن بەهۆی پەروەردەی هەڵەی ئەو ڕێژیمەوە تووشی دەیان کێشە و دیاردەی نەخوازراو دەبن و وتی: "دەستکەوتی کۆماری ئیسلامی بۆ لاوان و منداڵان و شێوازی پەروەردەکردنی ئەم دەسەڵاتە دەرەنجامەکەی بووەتە هەڵاتنی هەڵکەوتەکان لەو وڵاتە و بێ ئومێدی زاڵ بووە بە سەر لاوانی وڵاتدا و ڕۆژ نییە گوێبیستی هەواڵی خۆکوشتنی لاوان و دەیان حاڵەتی دڵتەزێنی لە خۆکوشتن غەمناکتر نەبین، حکوومەتێکی داگیرکەر بە پەروەردەیەکی سەقەت ئەگەر پێشی پێ نەگیرێت، کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بەرهەم دێنێت، بۆیە پێویستە لاوان وەکوو ئاڵاهەڵگرانی خەباتی ڕزگاری بۆ لەنێوبردنی دەسەڵاتی دواکەوتووخوازی ئێران هەنگاوێکی بە کردەوەیی هەڵبگرن و وەکوو هەمیشە ببنە پێشەنگی مەیدانی خەبات و پێشکەوتن لە سەرجەم بوارەکاندا، ئەمە پێویستییەکە و پێشنیازێکە کە تا جێبەجێ نەکرێت ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی بەدی نایەت و نەوە بە دوای نەوەدا دۆخیان خەراپتر دەبێت، لەو کاتەدایە کە شۆڕڕش دەبێتە پێویستییەک  بۆ ڕزگاری و لاوان دەبنە داینامۆی شۆڕش".

دواتر "حەسەن شەرەفی"، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە لە هەموو لاوانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "بەو بۆنەوە بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە پیرۆزبایی لە لاوان و بە گشتی لاوانی وڵاتەکەمان بە تایبەتی دەکەین، پیرۆزبایی لە لاوانی وڵات و کوردستان نە لەبەر ئەوەی کە بە ئامانج و ئاوات و هەموو ئەو کار و ئەرکانەی کە دەبێ بەرامبەر بە لاوان درابێت ئەنجام بدرێت، وەک لاوان ژیانێکی پڕ لە خۆشی و داهاتووییەکی ڕوونییان هەبێت. پیرۆزبایی بۆ لاوان لەبەر ئەوەی سەرەڕای ئەو هەموو گوشارەی ڕێژیم خستوویەتییە سەری لە ڕێگای پێشکەوتنیان و بەرەوپێشچوونیان و نەهامەتییەکان، ملیان نەوی نەکردووە و دەستیان بەرنەداوە و لە خەبات بەردەوام بوون".

"حەسەن شەرەفی" لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتانی جیهان هەوڵ دەدەن زۆربەی خواست و داواکارییەکانی لاوان دەستەبەر بکەن و ڕێگایان لە بەردەم گەیشتن بە هیوا و ئامانجەکانیان ئاسان بکەن، بەڵام لاوان لەژێر سایەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، ڕێگای ژیانیان زۆر دژوارە و لەگەڵی بەرەو ڕوون و لاوان بۆ خوێندن بەربەست و  پێشگیریی زۆریان لەسەر ڕێگایە و تەنانەت ئەگەر ئەو بەربەستانەش تێپەڕ بکەن، ئەوا لە داهاتوودا هیچ تەزمینێک بۆ دۆزینەوەی کار لە بوارەکەی خۆیاندا نییە.

ناوبراو تەنیا ڕێگای ڕزگاریی لاوانی لەو دۆخە  بە بەشداری لە خەبات گەڕاندووەتەوە و ڕایگەیاند: "لاوان لەژێر سایەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا بە هیچ ناگەن و ژیانێکی شایستەیان نابێت، داهاتووشیان ناڕوون دەبێت. لاوان هەرچی زیاتر لە خەبات لە دژی ئەو ڕێژیمە بەشدار بن، ئەوەندە زیاتر لە ئاوات و خوازیارییەکانیان بۆ ژیانێکی گونجاو و شایستە نزیک دەبنەوە".

بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە تەرخانکرابوو بە مەقام و گۆرانییەک کە لەلایەن "کامەران سەرشین"، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

پاشان، گرووپی هەڵپەڕکێی ناوەندی نێرگز چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد.

 دواتر هونەرمەند "ڕزگار شەرەفکەندی"، گۆرانییەکی لەژێر ناوی " دێموکرات"، بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

لە ناواخنی ئەم ڕێوڕەسمەدا، لەوحی ڕێزلێنان بەسەر  مامۆستایانی دەورەی کادریی یەکیەتی لاوان، کە ماوەکانی پێشوو بەڕێوەچوو، دابەش کرا.

پاشان گۆرانییەکی کرمانجی لە لایەن هونەرمەند و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، "سەیاد هەرکیـ"یەوە پێشکەش کرا.

ئەم ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی هات.