کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو

12:40 - 18 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەرەبەری ٢٦ی خەرمانان، ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانیدا، لە شار و ناوچەکانی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.

به پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی یەکشەممە،١٧ی  خەرمانان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، لە شاری بۆکان، لە سەرجاددەی بۆکان – میاندواو لە نزیک ڕێستوورانەکانی داشبەند چالاکی تەبلیغییان بەڕیوە برد.

لەم چالاکییەدا، قارەمانانی دێموکرات، بە بڵاوكردنەوەى پۆستێرى دوكتور شەرەفکەندی و ئارمى حيزب و سى دیی حيزبى، لە سەر ڕێگای پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ئەهواز پێشوازييان لە خەڵکی پارێزگاكانى ورمێ و تەورێز و ئەردەبێڵ کرد کە بۆ ئەم پارێزگایانە دەچوون.

هەروەها، ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە شاری گوێکتەپە، سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لە بەرەبەری ٢٦ی خەرماناندا، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژە، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە شاری سنەش، ئەندامانی تێکۆشەری دێموکرات، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.