کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی جینایەتی ١٧ی خەرمانان سێمینارێک بەڕێوە چوو

13:36 - 18 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەبۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات و لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سێمینارێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خەرمانان لە کەمپی جێژنیکان، سێمینارێکی تایبەت بە جینایەتی ١٧ی خەرمانان کە لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکە لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران بوو، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەو سێمینارە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات و "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەکیەتیی ئورووپا، لە سەر جینایەت و تاوانی ١٧ی خەرمانان لە دوو بڕگەی جیاوازدا سەبارەت بەو جینایەتە قسەیان کرد.

سەرەتا "کەریم پەرویزی" ئاماژەی بە مەبەستی ڕێژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە کرد و وتی: "ڕێژیم لە لایەک ویستی هێزی نابەرابەری نیزامیی خۆی و ئاگر و ئاسن پیشان بدات و هێزە دژبەرەکانی خۆی و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات چاوترسێن بکات و لە لایەکی دیکەشەوە لە بواری سیاسییەوە گەلی کورد چاوترسێن بکات و ئیرادەی پۆڵاینیان بە چۆکدا بێنێ. ڕێژیم کە لە بەرامبەر حزووری پێشمەرگە لە قووڵایی خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دەستەوەستان مابوو، مەبەستی ئەوە بوو ورەی تێکشکاوی هێزەکانی خۆی بەرێتە سەر."

پەرویزی باسی هەڵوێستی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کرد کە بە یەکدەنگی و یەکگرتووانە بە مەبەستی پشتیوانی لە هێزە شۆڕشگێڕەکانیان و بۆ مەحکوومکردنی ئەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانگرتنی سەرتاسەرییان بەڕێوە برد و کۆماری ئیسلامییان بە چۆکدا هێنا و سەلماندیان کە لە بەرانبەر مووشەکباران و لەسێدارەدرانی ڕۆڵەکانیاندا بێهەڵوێست نین و لەگەڵ ئەوان لێک جیا نەکراون.

لە تەوەری دووهەمی سێمینارەکەدا، "حیسام دەستپیش" باسێکی پێشکەش کرد و گوتی کە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چ ژینگە و حاڵەتێکەوە وەها جینایەتێکی ئەنجام داوە، هەروەها ئێمە لە چ حاڵەتێکدا بووین؛ بۆ وێنە ڕێژیم لە ناوخۆی وڵاتدا خۆی بە شکستخواردوو دەزانی، لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر گوشارە نێونەتەوەییەکاندا بوو. کورد و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتیش لە مەیدانی خەباتدا هەروا بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە لە سەرپێ بوون، بە تایبەتی خەباتی نوێی ڕۆژهەلات (ڕاسان) لە لووتکەدا بوو، ڕاسان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر وشیاریی و خەباتی خەڵک دانا، ئەگەر ڕاسان نەبایە، نەورۆزی جامانەش نەدەبوو، حەماسەی یارمەتی بە خەلکی لێقەوماوی کرماشانیش نەدەبوو، یەکیەتی و یەک هەكوێستیی ۲۱ی خەرمانانیش نەدەبوو، ئەگەر ئێمەش کارمان نەکردبایە خەڵکی وڵامی نەدەدایەوە."

دەستپیش لە درێژەدا وتی: "بێگومان هەر جووڵەیەکی پێشمەرگە دەتوانێ حەرەکەتێکی خەڵکی وەڕێ بخات، بۆیە ڕێژیم کە لە ناوخۆدا مەشرووعییەتی نەماوە، بە پێویستی زانی کە بەم مەبەستە، ئەو جینایەتە ئەنجام بدات. بە زەربەلێدان لە هێزی دژبەری خۆی مەشرووعییەت بە دەست بێنێ، وڵاتانی ناوچە چاوترسێن بکات و هێزی خۆی دەربخات.  بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی چی لێکەوتەوە؟ گەلی کوردی یەکگرتووتر کرد. ناوەڕۆکی چەواشەکارانەی ڕێژیم بۆ خەڵکی باشووری کوردستان دەرکەوت کە پێیان وابوو کۆماری ئیسلامی دۆستی کوردە. زیاتر لە جاران وڵاتانی ناوچەی نیگەران کرد و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی خۆیان نزیکی ئیسرائیل کرد. هێزی گەلی کورد و ئیرادەی ڕزگاریخوازانەی کورد بۆ ڕێژیم و تەنانەت بۆ ئەو لایەنانەش کە لە دەرەوەی وڵاتن و خۆیان بە دژبەری ڕێژیم دەزانن دەرکەوت و تاقی کرایەوە."

ئەم سێمینارە بە پرسیاری بەشداربووان و وڵامدانەوە لە لایەن پێشکەشکارانی باسەکەوە کۆتایی پێهات.