کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبیانووی ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکی

14:22 - 2 رەشەمه 2717

ئاسۆ مینبەری

دەڵێن زمان کۆڵەکەی مانەوەی هەر نەتەوەیەکە، بەو واتایە کە لەنێوبردنی زمانی هەر نەتەوەیەک کارامەترین ڕێگەی سڕینەوە و لەنێوبردنی ئەو نەتەوەیەیە؛ ئەو کارەی کە زۆربەی دەوڵەت و دەسەڵاتە داگیرکەر و چەوسێنەرەکان لە ڕێگەی سیاسەتە گڵاوەکانی خۆیانەوە بەرانبەر بە خەڵک و کەمینە زمانییەکانی نێو سنوورە جوگرافیاییە دەسکردەکانی خۆیان دەیکەن.

نەتەوەی کورد، یەکێکە لەو نەتەوە بندەستانەی کە بە بەردەوامی لەلایەن دەوڵەتە پاوانخواز و داگیرکەرەکانەوە کەوتۆتە بەر هێرشی لەنێوچوون و سڕینەوە، کە لەم پرۆسە درێژخایەنەدا، زمان یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگ و کارامەکان بووە.

ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە بەرانبەر زەخت و گوشار بۆ سەر خەڵک و هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی فاکتەرە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بە گشتی و زمان بە تایبەتی، هەبوون کەسانێک کە بۆ پووچەڵکردنەوە و بێ ئاکام مانەوەی هەوڵی داگیرکەران، بەو پەڕی دڵسۆزی و ئەرکناسییەوە دەستیان دایە خەباتێکی پیرۆز و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خواستی رێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان، هەوڵی زیندوو ڕاگرتن و بەرز نرخاندنی زمانی کوردییان گرتە ئەستۆ، وەک بڵێی بە دژکردەوەیەکی باش و لە جێی خۆیدا، وڵامی کردەوە ناڕەوا و خۆپەرستانەکەی رێژیمیان دایەوە.

لە درێژەی ئەو خەبات و بەربەرەکانێ پیرۆزەدا، بە هاتنەئارای خەباتی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکی لە چوارچێوەی رێکخراو و NGOکاندا، پڕۆسەی فێرکردنی زمان و ئەدەبی کوردی وەکوو چالاکییەکی گشتگیر، بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی سەند.

هەر ئەم گەشەسەندن و بەربڵاوبوونەوەی پانتایی چالاکییانە، بوونە هۆی دروستبوونی دڵنیگەرانی لای ڕێژیم کە لە ئاکامدا ترس و دڵەڕاوکێ وەکوو دوو فاکتەری گوشار بۆ سەر دەسەڵات بوونە هۆی ئەوەیکە ڕێژیم، دان بە حەقیقەتی هەبوونی کورددا بنێت و بە ناچاری زمانی کوردی لە هەندێ لە زانکۆکاندا وەکوو دەرسێکی ئێختیاری و لە هەندێکی دیکەشدا وەکوو هەودایەکی جیاواز لە نێو ماددە دەرسییەکاندا بگونجێنێ.

مەتەڵێکی کوردی هەیە دەڵێ: پشیلە لە بەر ڕەزای خوا مشک ناگرێ، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە لەم هاوکێشەیەشدا ڕێژیمی ئێران نەتەنیا مەبەستی خزمەت بە کورد و پەرەدان بە زمان و فەرهەنگی کورد نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی زیرەکانە ئەوەی کردۆتە تاکتیکێکی باش و کاریگەر لە پێناو گەیشتن بە یەکێکی دیکە لە ئامانجە دزێوەکانی خۆی.

سەبارەت بەم تەوەرە پرسیارێک کە لێرەدا دێتە ئاراوە ئەمەیە کە، ئایا بە تەنیا هەبوونی هەودای زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆکان و فێربوونی خوێندن و نووسینی ئەو زمانە، دەتوانێ وڵامێکی باش بۆ ویست و داخوازی ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد بێت؟

بێگومان قووڵ بوونەوە لەم بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو بە ناو چاکی کردنەی ڕێژیم، هیچ قازانجێکی بۆ نەتەوەی کورد لە گەڵدا نییە، چونکە وەک سەرەتا ئاماژەی پێکرا رێکخراوەکان و فێرگەکانی زمانی کوردی، هەروەها کتێبە فێرکارییەکانی بەردەستی خوێنەر، دەتوانن بە باشترین شێوە ئەو ئەرکە بە جێ بێنن.

لە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی ئێراندا باس لە زمانی دایکی کراوە کە دەقی ئەسڵەکە بەم چەشنەیە:

زبان و خط رسمی و مشترک مردم ایران فارسی است. اسناد و مکاتبات و متون رسمی و کتب درسی باید با این زبان و خط باشد ولی استفاده از زبانهای محلی و قومی در مطبوعات و رسانه های گروهی و تدریس ادبیات آنها در مدارس، در کنار زبان فارسی آزاد است .

سەرنجدان بە دەقی ئەسڵەکە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕوون دەکاتەوە:
١-مافی کەمینەکان هەر ئەوەندە لە بەرچاو گیراوە کە زمانی دایکیان وەکوو زمانی دووهەم و پاش زمانی فارسی لە قوتابخانەکاندا بگوترێتەوە.
٢-ئەم ئەسڵە تەنیا باس لە فێرکردنی زمانی دایکی لە پاڵ زمانی فارسیدا دەکات، نەک پەروەردە بە زمانی دایکی.

٣-زمانی کەمینەکان وەکوو زمانی لۆکاڵی و قەومی ناوبراوە، کە جگە لە بە فەرمی نەناسینی نەتەوەکان، بە واتای پەراوێزخستن و بێبایەخ نیشاندانی ئەو زمانانەیە.

٤-لەم ئەسڵەدا باس لەوە کراوە کە خوێندن بە زمانی دایکی ئازادە، بەو واتایە کە ئەوە بە مافی کەمینەکان نازانێت و تەنیا وەکوو خێرپێکردنێک، ئەو شتەیان ئازاد کردووە.

٥-لەم ماددەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چاپەمەنی و ڕاگەیەنە گشتییەکان دەتوانن بە زمانی کەمینەکان بن، لە حاڵێکدا کە شەپۆلی داخستنی گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە ئێراندا دەکرێ وەکوو قەیرانێک چاوی لێ بکرێت و دەچێتە چوارچێوەی هێرش کردن بۆسەر ئازادی ڕادەربڕینەوە.

دیارە ئەم خاڵانە هەر کامەیان، لە جێگەی خۆیاندا جێی سەرنج و تێڕامانن، بەڵام ئەوەیکە لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا دەگونجێ، پەروەردە بە زمانی دایکییە؛ پەروەردەیەک کە بتوانێ هەموو فاکتەر و بایەخەکانی نێو کۆمەڵگای کوردەواری، لە ڕێگەی زمان و وێژەی کوردییەوە و لە ڕێگەی سیستەمێکی زانستییەوە بگوازێتەوە بۆ نەوەی نوێ.

دەروونناسان لە سەر ئەو بڕوایەن کە خوێندن و پەروەردە بوون بە زمانی دایکی، دەتوانێ کاریگەرییەکی ئێجگار زۆر لە سەر پڕۆسەی فێربوون و پەروەردە بوونی منداڵدا هەبێت، کەوایە دەبێ ئەم بابەتە بەش بە حاڵی خۆی لە لایەن پسپۆڕان و چالاکانی بواری زمانناسییەوە وەکوو چەمکێکی خاوەن پێگە و گرینگیی تایبەت بە خۆی بکەوێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە؛ بەو واتایە کە منداڵێکی کورد زانستەکانی سەردەم، وەکوو: فیزیک، شیمی، فەلسەفە، دەروونناسی، کۆمەڵناسی، جوگرافیا و ... هەموویان بە زمانی دایکی خۆی فێر بێت و لە جیاتی بە کارهێنانی چەمکە عەرەبییەکانی نێو زمانی فارسی، بە شێوەیێکی زانستی، بە زمانی خۆی قۆناغە زانستییەکانی ژیانی تێپەڕێنێت و لە ئاکامدا لەم ڕاستییە تێبگات کە ژیان بە کوردی خـــــــــۆشە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.