کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکان یان شوناسی نەتەوەیەک؟!

14:06 - 12 جۆزەردان 2719

بێهزاد قادری

میراتی فەرهەنگی، بە هەموو ئەو ئاسەوارانەی دەڵێن کە لە ڕابردووەکانمانەوە ماونەتەوە و بایەخی فەرهەنگییان هەیە. ئەم ئاسەوارانە دەتوانێت بینایەکی کۆن و باستانی بێت یان ئاسەوارێکی وەکوو دابونەریتی ناوچەیەک بێت، کە لە ئەمڕۆدا پارێزگاریی لێ دەکرێت، تاکوو بگاتە دەستی داهاتووەکانیش.

میراتی فەرهەنگیی تاک و تایبەت، جێگیری نییە و لە نێوان بەرەکاندا، خاوەن ڕێز و بایەخە. شتانێکی بچووک، لەوانە: بەرهەمە هونەرییەکان و شاکارەکانی دیکەی فەرهەنگی، لە مووزەکاندا کۆ دەکرێنەوە و هەندێکی تر وەکوو بینا کۆن و باستانییەکان لە کۆمەڵێکی میراتی فەرهەنگیدا دەناسرێت و دەپارێزرێت.

میراتی بەجێماو لە ڕابردووەکان، لە خوێندنەوەی مێژووی مرۆڤدا کاریگەرە. پاراستنی ئەم میراتانە، پێویستییەکانی نەسڵەکانی ڕابردوو باس دەکات و لە توێ توێی هەر کامیدا، چیرۆکێک شاراوەتەوە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، پاراستنی ئەم میراتانە دەتوانێت یاریدەری دڵنیایی بیرەوەرییەکانی ڕابردووەکان بێت.

لە یەک ڕستەدا دەتوانین بڵێین کە میراتە مێژوویی و فەرهەنگییەکان، ئێمە و ڕابردوو و مێژوومان پێکەوە گڕێ دەداتەوە.

بەڵام لە کوردستاندا، بە هۆی نەبوونی حکوومەت و دەسەڵات، بەردەوام لە لایەن داگیرکەرەوە هەوڵ دراوە مێژوویەکی ساختەمان دەرخوارد بدرێت و دەرخواردیشمان دراوە و ئەم هەوڵەیشیان تەنیا بە ئاسمیلاسیون و هێرشی فەرهەنگی نەبووە، بەڵکوو تاڵانکردنی میراتی فەرهەنگی و ئاسەوارە مێژووییەکانیشمان، هەمیشە لە بەرنامەیاندا هەبووە تاکوو نەهێڵن ئەو گرێدانەمان لە ڕێگای ئاسەوارەکانمانەوە، لەگەڵ ڕابردووەکانماندا هەبێت.

دزین و تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران، کردەوەیەکی دژە مرۆیی نوێی ئەم دزە گەورەیە نییە، بەڵکوو ساڵانێکی دوورودرێژە کە مافیاکانی ڕێژیم و لە هەمووان گرنگتر، دارودەستە و بنەماڵەی "عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی"، لە ڕێگای کەسانی بەرژەوەندیخواز و پارەپەرەستی کوردستان، لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە خەریکی تاڵانکردنی سەرجەم ئاسەوار و شوێنەوارەکانی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانی کوردستانن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان بە هۆی ئاوڕلێنەدان و نۆژەن نەکردنەوە، لەنێوچوون یان بەرەو لەنێوچوون دەڕۆن.

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ھێزەکانی ڕێژیم بە ھاوکاریی دەستوپەیوەندییەکانیان لە کوردستان کە زۆرینەی زۆریان سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانن، بە بیانووگەلی جۆراوجۆر، سەرقاڵی دزین و دەرھێنانی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانن. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک، هاوشێوەی دزینی هەموو سەرچاوەکانی داهات لە کوردستاندا، سەرقاڵی بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانیشە و تا ئێستا چەندین هەزار پارچەی گرانبەها لەم ئاسەوارانە کە نوێنگەی کولتوور و شارستانییەتی کوردستانە، بە تاڵان براون.

هەر لە دەیەی ٧٠ی هەتاویدا باندەکانی سەر بە ڕەفسەنجانی و کوڕەکانی، بە پشتگیری سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستاندا ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانیان بەتاڵان برد، کە دواتر لە بازاڕە ڕەشەکاندا بە نرخی کەڵان و گران دەفرۆشران.

هەروەها ساڵی پێش بوو کە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، لە ڕێگای خەڵکانێکی هەلپەرەست و بە پشتگیری لایەنگەلێکی نەناسراوی ناخۆجێیی، سەرقاڵی هەڵکۆڵین و بەتاڵان بردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری سەقز بوون و لە گوندەکانی وەک کانی‌نیاز، باشماخ، تورجان، شیوەتوو، ئیسحاق ئاوا و بۆخەڵوو، سەرقاڵی هەڵکۆڵینی تەپۆڵکە و شوێنەوارە مێژووییەکان بوون کە لە هەندێک شوێندا بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، کەسانی ناخۆجێیی، خەڵکی شارەکانی وەک تاران و ئیسفەهان و شیراز، لەگەڵیان بوون.

دزین و هەڵدانەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ڕووی لە زیادبوون کردووە و زۆربەی ئەو ئاسەوارانەی دەدۆزرێنەوە، ڕەوانەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران و دەرەوەی وڵات دەکرێن.

دزینی ئاسەوارە مێژووییەکان لە کوردستان، تەنیا لە ڕێگای هەڵکۆڵین نییە و چەند ساڵ پێش بوو کە بەهۆی نەبوونی چاوەدێری و کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، نزیک بە ٣٠ پارچە ئاسەواری مێژوویی لە مووزەخانەی شاری کەنگاوەر بەتاڵان بران. گۆزەڵەی جۆراوجۆر، تابووت و بەردی قەبر کە مێژووکەیان بۆ سەردەمی ئەشکانی دەگەڕایەوە و چەند ئاسەواری مێژوویی سەرەتای ئیسلام، بەشێک لەو کەرەستانە بوون، کە لەو مۆزەخانەیە بە تاڵان بران.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ٧٧ پارچە ئاسەواری مێژوویی کە کاسەی حەوت‌جۆش، دەستبەند، گوارە، بەردە نووسراوە، کۆمەڵێک پەیکەری مرۆڤ، ئاژەڵ و سکە بوون، لە شارستانی "دەڕەشار" دزراون.

تەنیا و تەنیا لە سەردەمی سەرکۆماریی "مەحموود ئەحمەدی نژاد"دا، ٦٠٠ هەزار پارچە ئاسەواری مێژوویی لە مووزەی میللیدا براونەتە دەرەوە کە بەشێکی زۆری لە کوردستاندا بەتاڵان براون.

پرسیارێکی زۆر گەورەیش هێشتا بێ وڵام لە مێشکی خەڵکدا ماوەتەوە کە، چی بەسەر ئەو هەمووە ئاسەوارە و موومیاییەکەی حەسەن ئاوای شاری سنەدا هات؟!

لە ئاکامدا دەگەین بە یەک ڕستە: ڕێژیمی ئێران تەنیا ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان بەتاڵان نابات، بەڵکوو دەیەوێت شوناسی نەتەوەیەک بەتاڵان ببات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.