کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجەوەنی ئێران ئاڵۆزتر دەبێت

11:58 - 14 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: شەش مانگ پاش بڕیاری دانڵد ترامپ لەمەڕ کشانەوە لە بەرجام، خولی دووهەمی تەحریمەکان کە بە "سەختترین" تەحریمەکان ناویان دەرکردووە دەستیان پێکردەوە و بەرجەوەنی ئێران ئاڵۆزتر لە پێشوو دەردەکەوێت.

خولی دووهەمی تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی کە لە نیوەشەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر بە کاتی واشینگتۆن چوونە بواری جێبەجێکردنەوە بریتین لە سەنعەتی نەوت، کەشتیڕانی، خزمەتگوزارییەکانی بیمە، کەرتی وزە و ئاڵووێری بانکی.

دانڵد ترامپ لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: ئەم تەحریمانە کە بە تەحریمی دووهەمیش ناوزەد کراون زۆر سەختن؛ ئەمانە توندترین تەحریمگەلێکن کە تاکوو ئێستا ئیجرامان کردووە و دەبینین کە چی ڕوو دەدات؛ دۆخی ڕێژیمی تاران باش نییە."

هاوکات مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتوێژێکدا لەگەڵ "فاکس‌نیوز" ڕایگەیاند: ئێمە لە هەوڵداین تاکوو وێڕای پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کە شیاوی ژیانێکی باشن کۆماری ئیسلامی ناچار بکەین واز لە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانەکانی بهێنێت؛ ئەمە ئامانجی ئێمەیە و مەئموریەتێکە کە لەلایەن سەرۆکەوە پێمان دراوە."

وتوویشیەتی: ئەم خولە لە تەحریمەکان پشتی ڕێژیم دەشکێنێ تاکوو بەمشێوەیە نەتوانێ چیدیکە پشتیوانی لە تێرۆریزم بکات؛ تا ئێستا توانیومانە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ ١ میلیۆن لە ڕۆژدا کەم بکەینەوە لەوە بەدواش کەمتر دەبێتەوە؛ بەباوەڕی ئێمە تەواوی دنیا بەو ڕاستییەی زانیوە کە بەهۆی سیاسەتەکانی ئێمەوە نەتەنیا ڕیشەی پەرەسەندنی تێرۆریزم لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وشک دەبێت بەڵکوو هەلێکی باشیش بۆ خەڵکی ئێران دەڕەخسێ تاکوو ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەیانهەوێ ئەنجامی بدەن.

پۆمپێئۆ لە تویتێکیشدا بەبۆنەی ٣٩هەمین ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا لەلایەن توندئاژۆکانی سەر بە ڕێژیم لە تاران ڕایگەیاند کە بیرەوەری بەدیل گیرانی ٥٠ کەس لە هاوکارەکانمان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ ئێمە سوورتر دەکات لەسەر بەردەوامیمان بۆ بەچۆکداهێنانی ئێران.

دەسپێکی خولی دووهەمی تەحریمەکان کۆمەڵیک دژکردەوەیشی لێکەوتۆتەوە کە بەکورتی بەم چەشنەن: ئاڤیگدۆر لیبێرمەن وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل لە تویتێکدا دەسخۆشی لە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کردووە و وتوویەتی: ئەم کارەی بەڕێز ترامپ زەبرێکی کاریگەر لە کۆماری ئیسلامی دەدات.

حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری رێژیمیش لە دانیشتنێکدا لە وەزارەتی ئابووریی وتوویەتی: بە شانازییەوە تەحریمەکان دەشکێنین! وتوویشیەتی: تەحریمەکان یارمەتیدەر بوون بۆ بازاڕی سەرمایە.