کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە سینفییەکان لە ئێراندا

13:20 - 22 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پاش کۆتاییهاتنی پشووی چەند ڕۆژە لە ئێراندا، ناڕەزایەتییە سینفییەکان سەرلەنوێ سەریان هەڵ داوەتەوە.

ناڕەزایەتییە سێنفییەکان لە ئێراندا، پاش کۆتاییهاتنی پشووی چەند ڕۆژە لە ئێراندا، سەرلەنوێ دەستیان پێ کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممە، ١٩ و ٢٠ی جۆزەردان، جارێکی دیکە شارەکانی ئێران شایەتی ناڕەزایەتیدەربڕینی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران بوون.

ناڕەزایەتی لە هەمبەر بارودۆخی خراپی ژیان، دواکەوتن و نەدانی مووچەی کرێکاران، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوونە.

لە ڕەوتی نوێی ناڕەزایەتییەکاندا، کرێکارانی کەرتی دەوڵەتی و تایبەت، خانەنشینکراوان، پزیشکان، پەرەستاران، وەرزیشکاران و پەیمانکاران هاتوونەتە سەر شەقامەکان و بە نیسبەت دواکەوتنی مووچەکانیان، گرانی و ئەستەمبوونی ژیان، ناڕەزایەتییان دربڕیوە.

کرێکارانی فوولادی ئەهواز، ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان، لە بەرانبەر پارێزگاریی ئەو شارەدا و ڕۆژی یەکشەممە لەسەر پردی لەشکەر و بەرانبەر سینما هیلالی ئەهواز، بە هۆی نەدانی مووچەی ٤ هەزار کرێکاری ئەو کومپانیایە، کۆبوونەوەی ناڕەزایتییان بەڕێوە بردووە.

هاوکات لە ڕۆژی شەممە کرێکارانی ناوچەی ٥ی شارداریی ئەهواز، کە بۆ ماوەی ٤ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، هاوشێوەی خەڵکی بانە، سفرەی بەتاڵیان ڕاخستووە.

لە باکووری خووزستان، وەرزێڕانی لێوارەکانی چۆمی دز، دژ بە بڕیاری کوژاندنەوەی ماتۆڕ ئاوییەکان و قەدەغە کردنی کشتوکاڵ لەو ناوچەیە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

کڕێکارانی خانەنشینکراوی نەیشەکەری حەوت تەپە، ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممە بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان لە بەرانبەر بینای ئەو کومپانیایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

لە شاری ئەردەبیلیش کرێکارانی وزەگەی سیکلی تەرکیبی، بە هۆی وەرنەگرتنی مووچەی ٥ مانگیان، ڕۆژی یەکشەممە دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین، هەروەها لە شاری  تاران پزیشکان و ددانپزیشکان بە نیسبەت دیاریکردنی پشکی ٦٠ لەسەدی بۆ بەسیجی، بنەماڵەی بەناو جانباز و ئیسارگەران، لە تاقیکارییە باڵاکاندا، لە بەرانبەر بینای وەزارەتی تەندروستی کۆ بوونەوتەوە.

هەر لەو ڕۆژەدا کرێکارانی کارخانەی کیش چوب، کرێکارانی کومپانیای شیرەمەنیی مانیزانی شابادی کرماشان، کرێکارانی کومپانیای کاڵای پترۆشیمی ماهشەهر، کارمەندانی نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی کەرەج، وەرزشوانانی یانەی شارداریی ئەراک و هەروەها پەیمانکارانی شارداریی تاران بە نیسبەت جێبەجێ نەکرانی داواکارییەکانیان و دواکەوتنی مووچەکانیان، ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

 

ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژەکانی ئێران، لە چوارچیوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی سینفی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە شارەکانی ئێراندا بەربڵاوتر دەبێتەوە و ڕێژیمیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی کێشە و گرفتەکانی خەڵک هەڵ ناگرێت.