کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان لە تاران

12:25 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرهەمهێنەرانی جانتا و کەوش، کرێکارانی کڕیاری پرۆژەکانی سپیدار و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی تاران، دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، زیاتر لە ٥٠ کەس لە کڕیارانی بیناکانی پرۆژەی سپیداری ٢ و ٣، بە هۆی ناڕوونیی چارەنووسی پارەکانیان و وەرنەگرتنی بیناکان، لە بەردەم شارداریی و شۆرای شاری تاراندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

پرۆژەکانی سپیداری ٢ و ٣ سەر بە تەعاونی مەسکەنی شیرکەتی ئۆتوبووسڕانیی تارانن، بڕیار وابووە کە تا کۆتاییی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ئەو بینایانە بدرێت بە کرێکارانی ئەو شیرکەتە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ٦ ساڵ کرێکارەکان لەگەڵ ئەوەی کە پارەیان بەو شیرکەتە داوە، هێشتا چاوەڕوانی وەرگرتنی خانووەکانیانن.

ڕۆژێ ٢٨ی جۆزەردان، کۆمەڵێک لە بەرهەمهێنەران و بازاڕییانی جانتا و کەوش لە باخی سپاسالاری تاراندا، بە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و بە نیسبەت مەندیی بازاڕ دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین.

یەکێک لە بازاڕییانی باخی سپاسالار لە ڕاپۆرتێکدا بە ڕۆژنامەی کەیهان لەندەنی وتووە: "ماوەی ١٠ ساڵە بازاڕی باخی سپاسالار ڕووی لە مەندیی کردووە و کاسبی و کارمان نالەبارە، ئێستاش ئەگەر دووکانەکانمان نەکەینەوە زۆر باشترە، لانیکەم پارەی کارەبا نادەین".

هەر لە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان، کۆمەڵێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی تاران بە نیسبەت بڕینەوەی حوکمی زیندانی درێژماوە و قورس بۆ چەندین کەس لە خوێندکارانی "زانستگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تاران"، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

لە مانگەکانی ڕابردوو، یازدە کەس لە خوێندکارانی زانستگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تاران دەستبەسەر کراون، بۆ سێ کەس لەو خوێندکارانە بەسەر یەکەوە ١٥ ساڵ زیندان، قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێراندا، قەدەغەی چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڕاوەتەوە.