کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کامیۆنداران

12:31 - 6 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کامیۆنداران بە مەبەستی مسۆگەریی داواکارییەکانیان، لە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین بەردەوامن.

سەرەڕای زیاد کردنی ٢٠ لەسەدیی کرێی بار لە لایەن دەوڵەتەوە، کامیۆنداران لە چەندین شاری ئێراندا درێژە بە مانگرتنەکانیان دەدەن.

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدئۆییانەی کە هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، شەوی شەممە ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، شۆفێران و کامیۆندارانی چەندین شاری کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش پەیوەست بە مانگرتنی کامیۆندارەکانەوە بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، شۆفێران و کامیۆنداران لە شارەکانی مەشهەد، هەمەدان، سەقز، تەبەس، ئەسفراین، تاکستان، بووشێهر، بروجن، کرماشان، دیواندەرە و ....، شەشەمین ڕۆژە کە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەردەوامن و یەکڕیزیی خۆیان لەگەڵ هەموو شۆفێران و کامیۆندارانی سەرتاسەریی ئێران دەربڕیوە.

مانگرتووان بە نیسبەت زۆربوونی حەقی کۆمیسیۆنی شیرکەتەکانی باربەری و گرانبوونی شتومەکی کامیۆنەکان و کۆمەڵێکی دیکە لە کەموکۆڕییەکانیان، ناڕەزاییەتییان دەربڕیوە.

چەند کەس لە شۆفێرەکان لە پێوەندییەک لەگەڵ کەناڵی دەنگی ئامریکادا باسیان لەوە کردووە، کە هەندێک لە شیرکەتەکان هەتا ٥٠ لەسەدی کرێ بارەکان لە جیاتی حەقی کۆمیسیۆن دەبەن بۆ خۆیان و هەروەها ڕایانگەیاندووە، کە نرخی جووتێک تەگەری کامیۆن لە ئێراندا گەیشتووەتە ٧ میلیۆن تمەن.