کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسدرێژی بۆ سەر خوێندکاران

12:26 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکان باس لە ڕوودانی دیاردەی دەسدرێژیی سێکسی بۆ سەر ٦ خوێندکار لە لوڕستان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکان، ٦ خوێندکار لە لوڕستان دەسدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان و لەم بارە سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام ناوەندە پەیوەندیدارەکانی وەک بێهزیستی و ناوەندی ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی ڕەتی دەکەنەوە و لەم بارەوە هیچ زانیارییەک بڵاو ناکەنەوە و دەڵێن نێوەڕۆکی سکاڵا شاراوەیە و بەمیدیایی ناکرێت.

دەسدرێژیکردن بۆ سەر خوێندکاران و منداڵان لە ئێراندا، خەریکە دەبێتە دیاردەیەک و پەرە دەستێنێت، لەم چەند ڕۆژەی دواییەشدا بڵاو بووەوە، کە ٤١ کچ لە شاری ئێرانشاری سیستان و بەلووچستان دەسدرێژیی گرووپیی لە لایەن دەستوپێوەندەکانی ڕێژیمەوە کراوەتە سەریان کە ناڕەزایەتی خەڵکی لێ کەوتەوە.

هەروەها ماوەیەک پێش فیلمێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە، کە جێگری بەرپرسی قوتابخانەیەکی کوڕانە لە شاری تاران دەسدرێژیی کردبووە سەر قوتابییەکان، کە ناڕەزایەتی دایک و باوکی ئەو منداڵانەی لێ کەتەوە و سکاڵایان لە دژی ئەم مامۆستایە تۆمار کردووە.

پێشتریش محەممەد گەندومنژاد تووسی ناسراو بە سەعید تووسی، یەكێك لە قورئانخوێنەكانی زۆر نزیک لە خامنەیی، دەسدرێژیی سێكسیی كردبووە سەر ١٠ تا ١٩ منداڵی ١٢ تا ١٤ ساڵە، كە بۆ فێربوونی قورئان چووبوونە لای ناوبراوەوە.

سەعید تووسی لە لایەن غوڵامحوسەین موحسێنیی ئیژەیی،  وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیم، بە  بێتاوان ناسێندرا.

 ئەمە یەکەمجار نییە کە دۆسییەی لەم چەشنە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا و دواتر سەرپۆش دەکرێت و لە ڕەوتی هێرش بۆ سەر کوی زانکۆ و دۆسییەی کەهریزەکیش کەسانێکی وەک فەرهاد نەزەری و سەعید مورتەزەوی بە بێتاوان ناسێندران و قوربانییانیش تاوانبار کران.