کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە تاران

12:37 - 29 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سەدان کەس لە مامۆستایانی خانەنشینکراو و کارمەندانی تەعاونیی سەهامی عەداڵەت، لە بەردەم وەزارەتەکانی پەروەردە و ئابووریدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

سەدان کەس لە مامۆستایانی خانەنشینکراو و کارمەندانی شیرکەتی سەهامی عەداڵەت، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین، لە بەردەم هەر یەک لە وەزارەتەکانی پەروەردە و ئابووریی ڕێژیمدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

مامۆستایانی ناڕازی کە هەموویان لە کۆتاییی ساڵی ٩٥ – ٩٦دا خانەنشین کراون، باسیان لەوە کردووە، کە هێشتا پارەی کۆتاییی خزمەتیان وەرنەگرتووە، هەروەها کرێکارانی شیرکەتی سەهامی عەداڵەت کە لە شارەکانی سەرتاسەری ئێراندا بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە بەردەم بینای وەزارەتی ئابووری کۆ بوونەوە، بۆ ماوەی ٣٩ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

مامۆستایانی ناڕازی کە بە نوێنەرایەتی هەموو مامۆستایانی خانەنشینکراو، بەشداریی ئەو خۆپیشاندانەیان کردبوو، خوازیاری ئەوە بوون هەتا لە کورتترین ماوەدا کێشەکانیان چارەسەر ببن و پارەی کۆتاییی خزمەتیان پێ بدرێت، هەروەها ئەوان بە واژۆکردنی داواکارییەکی گشتی، داوایان لە وەزارەتی ڕاهێنان و بارهێنان کردووە هەتا زیاتر لەوە پارەی ئێران سووکتر و بێبایەختر نەبووە، داواکارییەکانیان بەرچاو بگیردرێت.

لە لایەکی دیکەدا کارمەندانی شیرکەتی سەهامی عەداڵەت، لە بەردەم وەزارەتی ئابووریدا کۆ ببوونەوە، باسیان لەوە کردووە، کە زیاتر لە ١٢ ساڵە کار بۆ ئەو تەعاونییە دەکەن، بەڵام هێشتا داهاتووی کارییان ڕوون نییە و هیچ گەرەنتییەکیان نییە.

مامۆستایانی خانەنشینکراو و کارمەندانی شیرکەتی سەهامی عەداڵەت، بە هەڵگرتنی پلاکادر، نووسینی نامە و واژۆ کردنی داواکارییەکانیان، هەوڵیان داوە هەتا قسە و کێشەکانی خۆیان بە گوێی بەرپرسان بگەیەنن.

تەعاونییەکانی سەهامی عەداڵەت ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە لایەن دەوڵەتەوە دراون بە کەرتی تایبەت، کە لەو کاتەوە هەتا ئێستا کە ٣٩ مانگ دەخایەنێت، هیچ جۆرە پارەیەک بە کارمەندانی ئەو شیرکەتە نەدراوە و ئێستە نە دەوڵەت و نە کەرتی تایبەت لەو بارەوە خۆیان بە بەرپرسیار نازانن، لە لایەکی دیکەدا پێشتر وەزارەتی ڕاهێنان و بارهێنان ڕای گەیاندبوو، کە بە هۆی کەمی بوودجە، توانای دانی پارەی کۆتاییی خزمەت بە مامۆستایانی خانەنشینکراوی نەماوە.

داڕمانی ئابووری و مایەپووچی بونیاتە ئابوورییەکانی ڕێژیمی تاران و هەروەها کشانەوەی شیرکەت و بانکە بیانییەکان لە ئێراندا، تا دێت کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و ناڕەزایەتییە سینفییەکان ڕوو لە زیادی دەکەن.