کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی قاچاخی سووتەمەنیی لە ئێراندا بە هۆی دابەزینی دراوی ئەو وڵاتە

11:16 - 5 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی دابەزینی نرخی تمەنی ئێران پاش گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیم، قاچاخ و سووتەمنیی لە ئێراندا بەرز بووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، باس لە چوونەسەرەوەی ڕێژەی قاچاخکردنی بەنزین و گازۆئیلی ئەم وڵاتە بۆ ولاتانی دەراوسێ وەکوو: ئەفغانستان، پاکستان و عێراق دەکەن و هۆکاری ئەم چوونەسەرەوەش بۆ گرانبوونی نرخی سووتەمەنیی لە وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێننەوە.

عەبدوڵڵا هیندیانی، جێگری پێشگرتنی بونیاتی بەربەرەکانێی لەگەڵ قاچاخی شتومەک و ئەرز، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنادا، باسی لەوە کردووە، کە لە سێ مانگی دواییدا، نزیک بە ٣ میلیارد لیتر سووتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر قاچاخ کراوە.

لە قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم دژەیەکییەک بەدی دەکرێت، چونکە لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: لە سێ مانگی دواییدا، ڕۆژانە لە نێوان ١٠ هەتا ١٣ میلیۆن لیتر سووتەمەنی قاچاخ کراوە، کە کۆی ئەم ڕێژەیە لەگەڵ ٣ میلیاردەکە یەک ناگرنەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، محەممەد ڕەزا حەسەنی موقەدەم، بەرپرسی جێگری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتیی پارێزگاریی خۆراسانی باشووریش، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنادا، ڕێژەی دەسبەسەرداگرتنی سووتەمەنیی قاچاخکراوی لە هەشت مانگی دواییدا، بە ٨٦٠ هەزار لیتر ڕاگەیاندووە، کە بە باوەڕی ناوبراو، ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ١٤ قاتە و دەسبەسەرداگرتنی ئەم سووتەمەنییە قاچاخەی بە دەسکەوتێک لە قەڵەم داوە.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە دوو بارەوە دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت، یەک ئەوەی کە قاچاخی سووتەمەنیی بۆ وڵاتانی دەرەوە وەکوو شانازی باس دەکەن، کە گوایە نرخی سووتەمەنیی ئێران لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا نرخێکی گونجاوە و لە لایەکی دیکەوە توانیویانە دەست بەسەر ڕێژەیەکی بەرچاو لە سووتەمەنیی قاچاخکراو بگرن.

ئەوەی کە گرنگە و بەرپرسانی ڕێژیم خۆیانی لێ گێل دەکەن، ئەوەیە کە ئەگەر سووتەمەنی لە ئێراندا هەرزانە، بە هۆی بێبایەخبوونی دراوەکەیانە نەک دادپەروەریی ڕێژیم و هەروەها دەسبەسەرداگرتنی ڕێژەیەکی کەم لەم سووتەمەنییە قاچاخکراوانە پێویستی بە بانگەشە و شانازیکردن نییە.