کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان لە ئێراندا گەیشتووەتە ١٠٠ هەتا ٢٠٠ لەسەد

12:54 - 26 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: مەترسیی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی دەرمان و بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە ئێراندا، بەتایبەتی دەرمانەکانی دیالیزیی و پەیوەندی گورچیلە، نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە

داریوش ئارمان، بەرپرسی ئەنجومەنی خێرخوازی و پشتیوانی لە نەخۆشانی گورچیلە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حكوومەتی "ئیلنا"، لە بەرزبوونەوەی ١٠٠ تا ٢٠٠ لەسەدیی نرخی دەرمانەکانی نەخۆشییە دیالیزییەکان و پەیوەندی گورچیلەی بۆ کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و سەپاندنی گەمارۆی بەرفراوانتر گەڕاندووەتەوە، ناوبراو بە ئاماژەکردن بە دەرمانی نەخۆشەکانی گورچیلە وتی: نرخی ئەم دەرمانانە لە ١٣٠ هەزار تمەن بۆ ٢٦٠ هەزار تمەن بەرزبوونەتەوە و دواتر بە ٣٢٠  هەزار تمەنیش گەیشتووە.

هەروەها داریوش ئارمان، لە بارەی گرانبوونی ئەو دەرمانانەی کە بیمە نایانگرێتەوە و بارودۆخی نەخۆشانی دیالیزی، کە لە نەخۆشییە دەگمەن و تایبەتەکانە و لە دۆخێکی نالەباردا دەژین، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

لەلایەکی دیکەشەوە زۆرێک لەو نەخۆشانەی کە ئامادەی پەیوەندکردنی گورچیلەن، بە هۆی زۆری تێچوو و چاوەدێریی نابەجێ پاش نەشتەرگەریی، پێیان باشترە دیالیز ببن.

بەرزبوونەوەی نرخی دەرمانەکان لە ئێراندا بیمەنەبوونی دەرمانە پێویستەکان و زۆر بەکارهێنەرەکان بەتایبەتی  نەخۆشییە تایبەتەکان، کێشەی زۆری بۆ خەڵك لە ئێراندا دروست کردووە.

لەم پێوەندییەدا ماوەیەک پێش، "مەیسەم ڕەزایی"، بەرپرسی ئەنجومەنی تالاسمیی ئێران، هۆکاری مردنی ٩٣ کەس کە نەخۆشیی تالاسمییان بووە، بۆ وەرنەگرتنی دەرمان یان پێدانی دەرمانی خراپ گەڕاندووەتەوە.