کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی ٦٠٠ لەسەدی قاپوقاچاخە "سەفەریـ"ـیـەکان

12:35 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لەگەڵ قەیرانی پیشەی پێترۆشیمی برەوڕوویە و ٦٠ لەسەدی کارخانەی پێوەندەیدار بە پیشەی پێترۆشیمی داخراون.

موحسێن سەفای، ئەندامی ئەنجومەنی نەتەوەیی پلاستیک و پلایمێری ڕێژیمی ئێران، لە چاوپێکەتنێکی لەگەڵ هەواڵدەریی سەر بەڕێژیم "فارس"، لە بارەی قەیرانی پیشەی پێترۆشیمییەوە ڕایگەیاندبوو: "پیشەی پێترۆشیمی ئێران بە هۆی دابەزینی ئاستی ئابووریی درێژخایەن و نەبوونی ماددە سەرەتایییەکان بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە، نزیک لە ٦٠ لەسەدی کارخانەی پێوەندیدار بە پیشەی پێترۆشیمییەوە داخراون و ژمارەیەکی تریشیان بە کوالێتی ١٠ هەتا ٣٠ لەسەدی کار دەکەن".

لە درێژەدا ڕایگەیاندبوو، کە داخرانی ئەم کارخانانە بووەتە هۆی گرانبوونی ٦٠٠ لەسەدی کەلوپەلە "سەفەریـ"ـیەکان.

لە لایەکی دیکەوە ڕەحیم موقیمی ئەسڵ، بەرپرسی یەکیەتیی پلاستیکی ڕێژیمی ئێران، لە دوایین لێدوانی خۆیدا، ئەگەری ڕاوستانی هەناردەکردنی کەلوپەلە پێترۆشیمییەکانی ئێرانی پێشبینی کردبوو و ڕایگەیاندبوو: "گەمارۆوەکان، یاسا و ڕێوشوێنەکانی یەک شەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلە "سەفەریـ"ـیەکان، بە جۆرێک کە لە ساڵی ڕابردوودا خەڵک دەستەیەک پەرداخی "سەفەریـ"ـیان بە  ٦ هەزار تمەن دەکڕی، بەڵام ئەمساڵ بە ٣٦ هەزار تمەن بیکڕن".

هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی ڕێکخراوی فرۆشیارانی پلاستیک و نایلۆنی ڕێژیمی ئێران، هۆکاری گرانبوونی ٦٠٠ لەسەدی کەلوپەلی "سەفەریـ"ـی بۆ نەبوونی کەرەستە سەرەتایییەکان و دابەزینی بەرچاوی نرخی تمەن زانیبوو و ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر هەروا مادەی سەرەتایی پێویست بە دەستی بەرهەمهێنەرەکان نەگات، شایەتی داخرانی ٩٠ لەسەدی کارخانەکانی پیشەی پلاستیک دەبین".