کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەم و زیانەکانی ڕاسان

22:19 - 11 رەزبەر 2716

مەلا برایمی مەجیدپوور

ئەگەر بمانەوێ بە وردی سەرنجێکی دەسکەوت و زیانەکانی ڕاسان بدەین دەبێ ئاوڕێکی ورد لە ڕابردوو بدەینەوە و بزانین بۆچی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە هێندە بەو حیزبەوە هەراسان بووە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بە بۆچون و لێکدانەوەی ئەوان تەنیا حیزبێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوڕوو بوونەوەکەی دەگەڵ ئەو ڕێژیمە بەرەنگارییـەکی جەماوەری بێ، ئەو حیزبەیە. نازانێ بە چ بارێکدا لێی بدا و چۆن بێ‌هێز یان لەناوی بەرێ، چوونکە ئامانجی ئەو حیزبە ئی هەموو گەلی کوردە و پێکهاتەی حیزبەکەش لە هەموو چین و توێژ و ئیدە و ئایینەکانی کوردە. کە وابوو لە ڕاستیدا دەبینێ دەگەڵ هەموو گەلی کورد بەرەوڕوویە. گەورەترین و کاریگەرترین چەکێک کە تا ئێستا ئـەو ڕێژیمە دەگەڵ گەلی کورد شەڕی پێ‌کردووە، چەکی ئایین و مەزهەبە.

هۆیەکەشی ئەوەیە زۆرینەی زۆری خەڵکی کوردستان خاوەنی ئیدە و ئایینی مەزهەبین و بـەپێی سروشتی خۆیان حیزبی دژەئـایینیان خـۆش گەرک نیە. حیزبی دێموکرات دەگەڵ ئەوەی خۆی حیزبێکی ئایینی نیە، بەڵام چوونکە لەسەر بناغەی بەرژەوەندیی گەل و ڕێزدانان بۆ ئیدە و ئـایینی گەل دامـەزراوە و ڕێـبەری دامـەزرێنەری، مەزنەپێشەوایەکی ئایینی بـووە، زۆرینەی گەلەکەی ئەگەر ئەندامیش نەبن و هاوکاریشیی نەکەن، دژی نابن و بێگومان لە بەرانبەر ئەوانەدا کە دژی باوەڕە ئایینییەکەیانن، ئـەو هەڵدەبژێرن. شاراوە نیە ئەو چەکەی ئەو ڕێژیمە تا ئـەوڕۆش شەڕی کورد بـەگشتی و حیزبەکانی ڕۆژ هەڵاتی کوردستانی بەتایبەتی پێ کردووە، هەر ئایین بووە. لەبیرمانە کە فتوای جیهادی بەسەر ئەو گەلەدا داوە، کە بە هەموو هێزیەوە ماوە ماوە هەڵیکوتاوەتە سەر ئەو گەلە و تەنیا شێوەی هێرشکردنەکەی گۆڕاوە. هەمیشە تۆمەتی کافر و دژەشۆڕشی داوەتە پاڵیان. نایشارمەوە هەڵە و هەڵوێستی هەڵنەسەنگێندراوی خۆشمان لێرەولەوێ ناڕاستەوخۆ یارمەتیی داوە. زۆر جار نەزانانە لە ڕووی ئیحساساتەوە هێرشمان کردۆتە سەر هێندێک لـە پیرۆزیـیە ئـایینیەکان و جـاروبـار پەلاماری ئیسلامیشمان داوە، کە دڵنیام ئەوە لە بەرنامەی ئەو حیزبەدا نیە. ئەوەش لەخۆیدا کاری لە هێندێک خاوەن بـڕوا ئایینیەکان کردووە و کەڵکی خراپیشی لێ وەرگیراوە، بـۆیە ئێمە دەکرێ و ئاساییشە بڕوای ئاینییمان نەبێ، بـەڵام بـە باوەڕی من لـە هیچ حاڵەتێکدا دروست نیە بێحورمەتی بەئیدە و ئایینی هیچ حیزب و گرووپ و کەس و کەسانێک و زۆرینەی گەلەکەمان بکەین. ئێمە دەبێ هەموو بیرۆکەیەکی خۆمان بەشێوەی زانستی و مەنتقی و ئازادانە بەخەڵک بسەلمێنین.

ڕێژیمی ئێران بە تەرفەند و پیلانە دژەکوردییەکانی و بە هاوکاریی دۆستانی ڕواڵەتیی ئێمە، بەبێ شەڕوشۆڕ و زۆر بە هاسانی لە سنوورەکانمان دووری خستینەوە و لە شوێنێکی دەورە دراودا قەتیسی کردین و زۆر بەتوندییش خستینیە ژێر چاوەدێری و هەموو جموجۆڵێکمان چ سیاسی و چ نیزامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵدایە. ئێمە وەک ئوسوول و پرەنسیپ ئەوەمان بەخاتری بەرژەوەندیی باشووری کوردستان قبوڵ کرد، بـۆ ماوەی (٢٠ ) ساڵ زیاتر، وازمان لە بەرگریی ڕەوا و بەرەنگاری هێنا. لەو ماوەیەدا جەماوەرێکی زۆرمان بە ناچاری ڕوویان لە هەندەران کرد. لەو ماوەیەدا ڕێژیمی ئێران بەشێوەی تیرۆڕ و ڕەشەکوژی دەستی لێ نەپاراستین و دامودەزگای دەسەڵاتداریش لەسەرەخۆشی سەرزارەکی زیاتر هیچیان بۆ نەکردین!! ڕۆڵەی زۆر بەنرخمان بـەو شێوە نـامرۆڤانەیـە شەهید کران. لەوانەش گرینگتر هەوڵی ئەوە دەدرا و دەدرێ کە کەسایەتی و ئیعتیباری حیزب بێننە ژێر پرسیار و تەپڵی نەمان و بەستراوەیی و چی و چیمان بۆ لێدەدەن، هێندێک لە دۆستانیش بە خشکە تەوس و پلارمان ڕێ‌دەهاڵێنن!! جیا لەوانەش لە نێوخۆشدا لە ژێر ناوی جۆراوجۆر و بە تۆمەتی ناڕەوا و هەڵبەستراو هەوڵی ئەوەیان داوە حیزب و گەڵ لە بەرانبەر یەکتر ڕابگرن و پێکەوە بەشەڕیان بدەن. حیزبی دێموکرات بۆ نـەشێواندنی مێژووی پـڕ لـە شانازیی خۆی و ڕابوون بە ئەرکە مێژوییەکەی، دەبوو هەڵوێستی ژیرانە بگرێ و بەرپەرچی ئەو هەموو نەخشە و پیلانانە بداتەوە و ئەو تەون و بەستانە پووچەڵ بکاتەوە. تەنیا ڕێگا بۆ ئەو کارەش (ڕاسان) بوو. ڕاسان هەر چەند دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو، بەڵام بەجۆرێک خەو و خەیاڵ پڵاوی کۆماری ئیسلامی شێواند و شڵەژاند، کە لە فەرماندەی پایەگایەکەوە تا دەگاتە سـەردار و سەرکۆمار و ڕێبەر، ڕایچڵەکاندن و تاساندنی. سەریان لەوە سووڕمابوو ئەوەی ئەوان بە نەماو یان بەلاوازیان بەخەڵک ناساندبوو، ئێستا ماوە و بە هێزەوە دیسانەکە ڕاساوە. ئەوانەی فاتێحای مەرگیان بـۆ خوێندبوون نەک نەمردوون، بـەڵکوو مـۆتەکەی مەرگیان بـۆ داگیرکەران و بەکرێگیراوانیان هێناوە. ئەو هەڵوێست و هەنگاوە بوێرانە ڕووحێکی تازەی کردەوە نـێو جەستەی سڕکراوی گەل. ئەو ڕاسانە بوو بە پێخۆری باسەکانی دۆست و دوژمن و بێگانە، ڕاستە گیانی چەند ڕۆڵەی بەوەجی بۆ کرایە قوربانی، بەڵام گیانی هیوا و هومێدی خستە نێو دڵی ئەویندارانی ئازادی و ڕزگاریی نیشتمان و گەڵ. دەزگای پڕوپاگەندەی دۆست و دوژمن هاتنە سەرخەت، هەر کامەیان بە بۆچوونی خۆیان لێکیان دەدایەوە و بەرداشتیان لێ دەکرد.

دۆستان کە دەتوانم بڵێم سەدی (٩٩)ی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بە ئاشکرا و نهێنی پێی گەشانەوە و بووژانەوە. لە دنیای دەرەوەش دەنگدانەوەکەی کەم وێنە بوو. دوژمن و نەیاریش تاسان و کەوتنە پەلەقاژە و بەپێی تێڕوانین و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە، هەڵوێستیان دەگرت.

دوژمـن بەتەواوی ڕەدی دەکردەوە و بەهەموو جۆرێک دەیوست بەکەمی بگرێ و ڕاستییەکان بشاڕێتەوە. بە بوختانەکانی سەردەمی فتوای جیهاد گرێی بداتەوە. نەیاران تێدەکۆشان کەمڕەنگی بکەنەوە و بە هێندی نەگرن و شاخ و باڵی ناحەزی بۆ دروست بکەن. بە باوەڕی من هەمووی ئەوانە چاوەڕوان کراو بوون. مێژووش هەروا هاتووە و ڕابردووە، بۆیە کەس دەرسی لێ وەر نەگرتووە!! ئەوەی جێگای تێڕوانین و داخە ئەوە بوو کە؛ هێندێک کەس تەنیا بە سیلەی چاو و ئەویش لـە تاریکیدا لێیان دەڕوانی و ئـەو بـەرگرییە ڕەوایەیان بـە شەڕی ماڵوێرانکەر و چی و چی ناو دەبرد!! پێیان وابوو دەبێ بەنووسین و گوتن و کۆنفڕانس و دیمانە، واتە بە خەباتی مەدەنیانە ئەو ڕێژیمە بێنییە سەر ئەو باوەڕە کە کورد هەیە و داوای مافی چارەی‌خۆنوسینیشی بە جێیە و ڕەوایە. جێگای داخە ئەوانە یـان تێنەگەیشتوون یـان خۆی لێ گێل دەکەن کە دوای زیاتر لە (٤٠)ساڵ خەباتی خوێناوی و مەدەنیش، تۆزقاڵێک لە نیاز و سیاسەتە دژە کوردییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەگۆڕاوە. ئەو کۆمارە بـڕوای بە مەدەنیەت نیە تا بەو شێوەیە دەگەڵ تۆ ڕەفتار بکا! بڕوای بـە مافی نـەتەوایەتی نیە تا مافی گەلی کورد دەستەبەربکا! بڕوای بە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ نیە تا دەگەڵ مرۆڤەکان بەو پێوەرە عەمەل بکا! بڕوای بە مافی چارەنووس نیە و دەبێ ئەو چارەنوست بۆ دیاری بکا! ئەو ڕێژیمە لە سەر بناغەی ویلایەتی فەقیه دامەزراوە کە حوکمی تاکە و بەرنامەی ئەو پیادە دەکا. دەگەڵ ڕێزم بۆ ئەوانەی پێیان وایە دەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەکرێ کار بە مەدەنیەت بکەی، بـەڵام بـەداخم کە ڕابردوو لەبەرچاو ناگرن و شتەکان وەک هەن ناخوێننەوە. دەگەڵ ئەوەش پێم وانیە نازانن، بەڵام باوەڕم وایە بەخراپ زانینی ئەو ڕاسانە لەلایەن هێندێک کەسەوە لـە (خۆشەویستی عەلی نیە لە بوغزی عومەرە) ناتوانن هەڵوێستی دروستی حیزبێک کە دۆستیان نیە، یان ڕکەبەری سیاسییانە، یان خۆشیان ناوێ، یان قازانجێکی خۆیانی تێدا نابینن، پشتڕاست بکەنەوە. دیارە هێندێک لەدەزگا تەبلیغاتییەکانیش بە مەبەست دەگەڵ ڕشتنی فرمێسکی حەرام، ترس و دڵەڕاوکێیان بڵاو دەکردەوە. دیارە زێدە لەو هەموو دەسکەوتانە، ناسینی دۆست و دیاری کردنی ئەو بەناو دۆستانە و تـاساندنی ئـەو دوژمـنانە و زۆری تریش بـە ڕای مـن دەسکەوتی ئەو ڕاسانەمانە.

حاشای لێ ناکرێ شەهیدی زۆر بەوەجمان داوە، بـۆ ئـەو دەستپێکردنەوەیەش زۆر بـوون، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ ئەوانە نە هەوەڵێن و نە دوایین شەهیدمانن، ئێمە لە ڕێبەرایەتیدا پێشەوامان قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی، لە فەرماندەکانمان هەژار، سەرگورد عەلیار، برایم شێخاڵی، عومەرقەیتەران، هەمزە بێهنام، مەنسوور فەتاحی، شاروخ مرادی، کاک شوان، قاسمی باقی، وەستا ئەحمەد، محەممەد زەنگەنە، چرچەی بارام میرزا و دەیانی تریش کە دەگەڵ داوای لێبووردن ناویانم لەبیر نەماوە، پێشکەش بە بارەگای نیشتمان و گەل کردووە. بۆیە ئێمە شین ناگێڕین، قوڕ ناپێوین، حەزیشمان لە شەهید بوون نیە، بەڵام ئامانجەکەمان کە ڕزگاریی زید و گەلە، دەبێ قوربانیی بەنرخی بۆ بدەین و ڕاسپاردەی ڕێبەری شەهیدمان قاسملوو بەڕێوە بەرین کە فەرموویە: باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی ڕێگایانە.

جیا لەوانە ئەو ڕاسانە دۆست و دوژمن و دڵسۆز و ئێرەیی بەریشی پێ ناساندین. ڕۆحێکی نوێی خستەوە بەر جەستەی شۆڕشەکەمان، هێز و هیوایەکی تازەی دا بە پێشمەرگە و کادر و ئەندام و لایەنگر و گەل بەگشتی. نیشانی دا کە شۆڕش نەفەوتاوە و نەوەستاوە. بەدوژمنی سەلماند کە دڵنیابێ تا ئەو ڕۆژەی وڵات ئازاد و گەل سەربەخۆ دەبێ، پێشمەرگە نابەزێ و ناسرەوێ و کۆڵی نەداوە. ئەگەر بەو بیرە چەوتەوە کە کورد مافی نیە و هەر بۆ ژێردەستەیی ئەوان دروست کراوە خۆی دڵخۆش کردووە، دڵنیابێ ئەوە تەنیا خەیاڵە و نیشانەکەی نەپێکاوە. بە دژبەرانی سیاسیی خۆشمان دەڵێین: بـا ڕاستییەکان وەک هەن ئـاوا ببینن، بـاشەکانی بە دڵفراوانیەوە بسەلمێنن، بۆ هەڵەکانیش ڕەخنەمان لێ بگرن و بۆ لابردنیان و ڕێنوێنی کردنمان غـیرەتی شۆڕشگێڕانە لە خۆیان بنوێنن. ئێمە دوژمنی یەک نین، وڵاتمان یەکە،ئازاد کردنی ئـەرکی هاوبـەشمانە، دەسکەوتی تێکۆشانـ و سەرکەوتن بـەشی هەموومانـە، دوژمنی داگیرکەریش دوژمنی هەموومانە، کوردستان شوێنی پێکەوە بوونی هەتا هەتاییمانە، بەو هەموو هاوبەشیانەوە ئەرکی هاوکاری و بـرایـەتیمان لەسەر شانە.

زیانەکانی ئەو ڕاسانە کە بە شەهید بوونی پۆلێک لە ڕۆڵە باشەکانی گەل تەواو بوو بێگومان برینێکی قورس و قوڵ و بەژانە، ئەوانە ئەگەر دەستی غەدر و خەیانەت لێگەڕابا دەبوونە ڕێبەر و فەرماندەیەک کە حێزب و گەل پێویستیانە. ڕەنگە هەر ئەوەندە بەس بێ بۆ دیاریکردنی خەسارەکانی ئەو ڕاسانە، چوونکە هەر خەسارێکی‌تر لـە بەرانبەر گیانی شەهیدانمان بێ‌بایەخە. دەگەڵ ئەوەش خودی ئەو برینە بەئێشە دەکرێ گەلێک دەرس و پەندی بۆ ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکان و نەوەی دوایی تێدا بێ، کە بە باوەڕی من دەبێ قبوڵی کەین کە هەلومەرج و کەش‌وهەوای سیاسی و ئەمنیەتیی ناوچەکەمان بـاش دەرک نـەکردبوو، شێوەی کاری نوێمان وەکوو پێویست هەڵـنەسەنگاندبوو، قۆناغی ئێستای خەباتەکەمان بە سەبکی پێشوو دەست پێکردبوو، زانیاری و ئاگاهیی تەواو و هەڵسەنگێندراو و بەرچاوڕوونیی پێویستمان بـۆ ئـەو قۆناغە نەبوو، ئێستا کە زیاتر لـە(٢٠) ساڵە ڕێژیم لەو بوارەدا کاری لەسەر کردووە و خەرجێکی زۆری بۆ داناوە، زۆرکەسی ساکار، یان ترسنۆک و تەماحکاری فـریو داوە، زۆر لاوی هـەڵخەڵەتاوی بـەپێی بـەرژەوەندیی خۆی ڕاهێناوە، پێشکەوتووترین ئامرازی وەرگرتنی زانیاری لە ئیختیاری بەکرێگیراوەکانی ناوە، هەمووی ئەوانە پێمان دەڵێن: دەبێ بۆ ئەو هەلومەرج و قۆناغ و ئامادەکارییەی دوژمن، تۆش ئامدەگی بەرەنگار بوونەوەی ئەو دوژمنەت بە ئامرازی پووچەڵ کردنەوەی ئەو داو و تەلەسمانە هەبێ، ئەگینا زەربەت وێ دەکەوێ. لە دوایین قسەم دا دەڵێم: پێویستە حیزب لە کۆنگرەی داهاتوودا دروشمی پێکەوە گرێدانی خەباتی شـاخ و شار بە بەرنامە داڕێژییەکی وردەوە بکاتـە خاڵی گرینگی بـەرنامەی کار و قازانج و بەرژەوەندی و زەرەر و زیانەکانی لێکداتەوە و ئاوڕێکی وردتر لە پێوەندییەکانی نهێنیی نێوخۆ بداتەوە، ڕێگا چارەی مەعقول و هەڵسەنگێندراو دیاری بکا و لە بەرنامەی کاری داهاتووی حیزبدا بیان گونجێنێ و جێگایان بکاتەوە. ئەوەی من لە ئەزموونی(٤٠) ساڵەمدا وەرمگرتووە ئەوەیە کە؛ دوژمنانی گەلی کورد بەگشتی و دەسەڵاتدارانی ئێران بەتایبەتی، هەرگیز ئامادە نەبوون و نابن کە مافی دیاری کردنی چارەی خۆ نووسین بۆ ئەو گەلە بسەلمێنن، ئەوەش مێژووی ڕابردوومان نیشانی داوە، بـۆیەش ڕاسان وەک هەڵوێستێکی ژیرانە و بوێرانە و پێویستی قۆناغی ئێستای خەباتەکەمان لەلای زۆران ناسراو و قبوڵ کراوە. بەرەنگاری دوژمنێک کە هیچ یاسا و ڕێسای مرۆیی و نێودەوڵەتی قبوڵ ناکا، ئەرکێکی قورسە و قوربانیی زۆریشی دەبێ. ئەوەی بۆ حیزب گرینگە و وەک دەکوترێ خەتی سوورە، ئـەوەیە کە حیزب سەربـەخۆیی لـە بڕیارداندا کە تایبەتمەندیی خۆیەتی بپارێزێ. من دڵنیام بـەبوونی سەربەخۆیی بـڕیاردان دەتوانین لـە درێژخایەندا بەسەر هەموو کەند و کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵ بین.

خوێنەری بەڕێز ئەوەی خوێندتەوە تەنیا ڕاو بۆ چونی خۆمە، ئەگەر خێری هەبوو با بۆ حیزب بێ، ئەگەر شەڕیشی هەبوو بۆ خۆم.

بەهیوای سەرکەوتن


ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە