کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمهێنانی ماشین لە ئێران ٥٠ لەسەد دابەزی

10:33 - 4 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەرهەمهێنانی ماشین لە ئێران، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە، بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو، ٥٠ لەسەد دابەزیوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە وەزیری ئابووریی ڕێژیمی ئێران چەندین جار بەڵێنیی باشتربوونی دۆخەکەی دابوو.

 بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرهەمهێنانی ماشین لە ئێران لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ٤٧ هەزار و ٣١٧ ماشینی بارهەڵگر بووە کە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٤٧.١ لەسەد دابەزیوە و بەرهەمهێنانی ماشینی سەواری نزیک بە ٤٣ هەزار و ٧٥٨ ماشین بووە کە ئەویش بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە ماشینێک لە ئێراندا، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ، بە بەراورد لەگەڵ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو، ٣٩.٨ لەسەد دابەزینی هەبووە.

لەگەڵ دەستپێکی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووریی ئێران بەرەو داڕمانی یەکجارەکی ڕۆیشتووە و بەناو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لەبەر گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی خۆیان، نەیانتوانیوە تاکوو ئێستاش ئەو کێشانە چارەسەر بکەن و ئاوڕ لە دۆخی شپرزەیی خەڵک بدەنەوە.