کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە

12:07 - 10 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ماوەی ئەم مانگەی زایینیدا نیسبەت بە مانگی ڕابردوو، بە شێوەیەک دابەزیوە کە لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردووەتەوە کە لە مانگی ئووتدا، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دابەزیوە کە ئەم ڕێژەیە لە بەرهەمهێنان، کەمترین ڕێژەیە لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا.

ئەمە واتە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بە نیسبەت مانگی ڕابردوو، ٥٠ هەزار بەرمیل کەمتر بووە.

تێچووی نێوخۆیی نەوتی ئێران نزیکەی ١.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدایە و بەرهەمهێنانی ٢.١ ملیۆن بەرمیل نەوت لە مانگی ئووتدا، نیشاندەری ئەوەیە کە ئێران ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بۆ هەناردەکردن دەمێنیتەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پاش هاتنە دەرەوە لە بەرجام، گەمارۆکانی سەر پیشەی نەوتیی ڕێژیمی ئێرانی جارێکی تر گەڕاندەوە و ڕایگەیاندبوو کە لە هەوڵدایە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ئاکامدا بگەیەنێتە سیفر.