کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە کوردستاندا بەفیڕۆ دەچن

17:55 - 2 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: باخدارانی کوردستان بەهۆی ئەوەی کە بەرهەماکانیان بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێن، ناچار بوونە بەرهەمەکانیان بکەنە خۆراکی ئاژەڵان.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، لە شاری نەغەدە، باخداران بەهۆی ئەوەی کە بەرهەمەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێت، ناچار بوونە ئەو بەرهەمانەیان کە ماندووبوونێکی زۆریان پێوە بینیوە و تێچوویەکی زۆری هەڵگرتووە، بیدەن بە ئاژەڵان.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرهەمی ئەمساڵی وەرزێڕانی ناوچەی لەیلاخ لە پارێزگای سنە، بەو هۆیەوە کە بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێت، ڕشتوویانەتە سەر جاددە و ماندووبوونی چەندین مانگەی وەرزێڕانیش بەفیڕۆ چووە.

جووتیاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن و بەرهەمی ئەو چینەی کۆمەڵگا هەرزانفرۆش دەکرێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەدەواتی کشتوکاڵ وەکوو: "دەرمان، کود و ئاو" و کەلوپەلی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی بەروبووم لەوپەڕی گرانیی خۆیدایە و زۆر کات جووتیار و باخدار پارەی زەحمەتەکانی خۆی بەهۆی ناسەقامگیریی بازاڕ و نەبوونی چاوەدێریی پێویست بەدەست ناهێنێت و جووتیاران بوونەتە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران.