کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمەکانی بەشی وەرزێڕی لە لوڕستاندا لەنێو دەچن

11:21 - 17 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ٢٥ تا ٣٠ لەسەدی بەرهەمی بەشەکانی وەرزێڕی و ئاژەڵداری، بەهۆی نەبوونی کارخانەی بەرهەمهێنان، لەنێو دەچن.

هەواڵدەریی" ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم، لەمبارەوە بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، بەرپرسێکی ڕێکخراوی "جیهادی کشاوەرزیی لوڕستان"، ڕایگەیاندووە کە ٢٥ تا ٣٠ لەسەدی بەرهەمی ساڵانەی بەشەکانی وەرزێڕی و ئاژەڵداری، بەهۆی نەبوونی کارخانەی بەرهەمهێنان لەنێو دەچن.

لە لوڕستاندا نزیکەی ٨٠٠ هەزار هێکتار زەویی وەرزێڕی هەیە کە ٨٠ لەسەدی دێمی و٢٠ لەسەدیشی ئاوییە و ١٥٠ هەزار وەبەرهێنەر لە بەشی وەرزێڕی و لە بیاڤی جووتیاری، باخداری، ئاژەڵداری و گیانلەبەری ئاوی، خەریکی کارن.

ئەو بەرپرسە هەروەها ئاماژەی بە ئاماری ڕێکخراوی نێونەتەوەیی "فائۆ" کردووە و وتی: "ئاماری ئەم ڕێکخراوەیە سەبارەت بە خەسارەکانی بەشی وەرزێڕی ئەوەندە زۆرە کە دەتوانێت خۆراکی ملێونها کەس لە جیهاندا دابین بکات و بۆ ئەوەی ئەم خەسارگەلە بە ئاستێکی زۆر خوار بگەیەنین، پێویستمان بە سەرمایەیەکی زۆر لە بەشە تایبەتەکاندا هەیە".

سەڕەڕای لەنێوچوون و وێرانبوونی هەزاران ماڵ و حاڵ و ئاسەوارەکانی پاریزگای لوڕستان بەهۆی هاتنی لافاو لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە، ساڵانە بەگشتی لە هەموو ناوچەکانی ئێراندا، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیدار و نەبوونی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ هەڵگرتنیان، بە ڕێژەیەکی زۆر ماددە خۆراکییەکان لەنێو دەچن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی بەزاڵەهاتوو، ئێستا توانای کڕێنی ماددە سەرەتاییەکانی ژیانیان نییە و بەرپرسانیش هیچ ئاوڕێکیان لێ نادەنەوە و هیچ ڕێگایەکیان بۆ چارەسەریی ئەم کێشانە نییە.