کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی سپای ڕێژیم ترسی ناڕەزایەتیی خەڵکیان لە ساڵی داهاتوودا لێ نیشتووە

12:38 - 10 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سەرانی باڵای سپای پاسدارانی ڕێژیم، پێشبینیی ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک لە ساڵی داهاتوو دەکەن.

یەکێک لە راوێژکارانی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، لە پێوەندی لەگەڵ ئەگەری هەڵایسانی دوو مەترسیی بەرەوڕوویان، بە هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و ناڕەزایەتییە سێنفی و کرێکارییەکان هۆشداری داوە.

عەلیمحەممەد نائینی، ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، کە بە بۆنەی ساڵیادی خۆپیشاندانی حکوومەتیی، لە ٩ی بەفرانباردا، لە هەمبەر ناڕازییانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، لە ئیلامدا لێدوانی دابوو و  پێشبینیی ئەوەی کردبوو، کە پێدەجێت لە ساڵی داهاتوودا، "دوو هەڵایسانی بنەڕەتی" لە ئێراندا سەر هەڵ بدەن.

ناوبراو لەم بارەوە وتوویەتی: "لە ساڵی داهاتوودا، هەڵبژاردنەکانی مەجلیس دەوری کاتالیزوور بۆ پێکهێنانی بەستێنی نافەرمانیی مەدەنی دەگێڕن و لە لایەکی دیکەوە دوژمنانیش چاویان لەسەر گوشارە ئابوورییەکان لە بیاڤە سینفی و کرێکارییەکانە".

لەم پێوەندییەدا، پێشتریش عەلی خامنەیی، هۆشداری دابوو، کە هەموو دەبێت وریای فریوکارییەکانی ئامریکا بن، چون پێدەجێت بۆ ساڵی ٩٨ پیلانیان داڕشتبێت.

دۆخی هەنووکەیی ڕێژیم، لە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا هێندە شپرزە، کە بەرپرسانی ڕێژیم بە تێکڕا ترسیان لێ نیشتووە و خۆیان بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی بەرین ئامادە کردووە.