کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم باس لە نزمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری دەکەن

12:24 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی چەواشەکارییەکانی دیکەی ڕیژیمدا، باسی لە دابەزینی نرخی بێکاری کردووە و وتوویەتی کە ئەوانەی کە داهاتیان زۆرە یارانەیان پێ نادرێت.

"محەممەد شەریعەتمەداری"، وەزیری تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران، وێڕای ئەوەی کە باسی لە دابەزینی نرخی بێکاری کردووە، ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی بێکاران لە زیاتر لە ٣ ملیۆن کەسەوە گەیشتووەتە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە داهاتوودا یارانە بەو کەسانەی کە داهاتیان زۆرە نادرێت.

چەواشەکارییەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان جیا لەوەی کە نزمبوونەوەی نرخی بێکاری ڕەت دەکەنەوە، بەڕوونی دەری دەخەن کە تەنانەت لە ئێراندا نرخی بێکاری نەیتوانیوە نەگۆڕ بمێنێتەوە و بەردەوام ڕووی لە نزمبوونەوەیە. ئەوەی کە لە ئێراندا وەکوو ئاماری فەرمی، ڕێژەی کەسانی خاوەن کار دەخرێتە ڕوو، ئامارێکی بەدوور لە ڕاستییە، چونکە لە سەرژمێرییە گشتییەکاندا، تەنانەت قوتابی و خوێندەوار، ژنی ماڵەوە و هەروەها کارە نیوەوەختەکانیش، وەکوو کار بەئەژمار دێنن.

پاش گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی دارایی ئەم وڵاتە دانا.

ئێستاکەش بێکاری و هەڵاوسان زیاتر لە هەموو کاتێک بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە و داهاتی بنەماڵەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە کە تەنانەت توانایی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی خۆیشیان نییە.