کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دان بە لەپەراوێزخراوی لێقەوماوانی کرماشاندا دەنێن

18:48 - 29 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسان و ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، دان بەوەدا دەنێن کە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو پارێزگایە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پەراوێز خراون.

ئاخوند ئەمیر عەبدولمەلەکی، بەرپرسی گرووپی جیهادی "ئەلکەفیل"ـی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ۲۹ی خەزەڵوەر، لە وتووێژێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێران، دان بەوەدا دەنێت کە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو پارێزگایە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هیچ یارمەتییەکیان پێ نەگەیشتووە و لە لایەن ڕێژیمەوە بە تەواوەتی لەپەراوێز خراون.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی قسەکانیدا هەموو شێوە یارمەتییەک لە لایەن حکوومەتەوە بە درۆ دەخاتەوە و دەڵێت: "یەک ساڵ لە بوومەلەرزی دڵهەژێنی کرماشان تێپەڕ دەبێت، من ئاگادارم، ئەوە درۆیە کە حکوومەت هیچ شێوە یارمەتییەکی بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو ناوچانە کردبێت، ئەگەر یارمەتییەکیش کرابێت ئەوە خەڵکانی خۆبەخش بوونە کە یارمەتی لێقەوماوانیان داوە و هیچ پەیوەندییەکی بە حکوومەتەوە نییە".

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا لە سەر چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم کە یارمەتی خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشانیان کردبێت، وتی: "خودی خەڵکی ئەو ناوچانە ڕەدیان کردووەتەوە کە هیچ خانوو یان سەرپەنایەک لە لایەن "بۆنیاد مەسکەن"ـەوە پێیان درابێت، ئەمە من ناڵێم بەڵکوو خودی خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە دەڵێن".

ئەو ئاخوندەی ڕێژیم بەشێک لە قسەکانی تایبەت دەدات بە چەواشەکارییەکانی وەزیری خانووبەرە و شارسازیی حکوومەت و ڕایگەیاند: "وەزیری پەیوەندیدار پاش هەموو گەندکارییەکانی، بە شانازییەوە رایدەگەیەنێت کە هیچ خانووبەریەک لە لایەن "مەسکەن مێهر"ـەوە ڕادەستی لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراو نەکراوە و لەمبارە بە شانازیشەوە دەڵێت کە من هیچ خانووبەرەیەکم ڕادەستی یەک کەس لە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو پارێزگایە نەکردووە".

ناوبراو قسەکانی وەزیری خانووبەرە و شارسازی ڕێژیمی بە بیرۆکەی تکنۆکراتی و بەردەگەرایی ناو برد و ڕایشیگەیاند: "کاتێک وەزیرێک دێت و دەڵێت من بە چەندین هەزار میلیارد داراییم هەیە، بە دڵنیاییەوە هیچ کات ئاگای لە دۆخی ژیانی کەسێکی برسی کە لەو بارودۆخەدا ژیان بەرسەر دەبات و لە سەرمادا هەڵدەلەرزێت، نابێت".

لە کۆتاییشد ئاماژەی بە قسەی مێرمنداڵێکی ناوچەی بوومەلەرزلێدراوی سەرپێڵی زەهاو کردووە کە لەکاتی سەردانی وەزیری خانووبەرە و شارسازی ڕێژیم بۆ ئەو ناوچانە بەرۆکی گرتووە و پێی وتووە، تۆ تەنیا یەک شەو خۆت لە جێگای ئێمە دابنێ و یەک کاتژمێر وەرە لەم دۆخەی ئێمەدا و لە ماڵە وێرانەکەی ئێمەدا ژیان بەسەر بەرە، من ماڵەکەمان دەدەم بە ئێوە، وتیشی: "بە دڵنیاییەوە دەڵێمەوە کە هیچ کات، هیچ وەزیرێک ناچێتە ژێر ئەو خانووە ڕووخاوانە ژیان باتەسەر".

سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە یەک ساڵ بە سەر کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا هەنووکەش خەڵکی لێقەوماوی ئەو پارێزگایە لە ژێر ڕەشماڵ یان ئەو کانێکسانەی کە لە لایەن خەڵکی یارمەتیدەر و خۆبەخشی کوردستان و بەشێک لە ناوچەکانی ئێران پێیان گەیشتووە، بە ناچاری ژیانیان دەبەنە سەر.

جیا لەوەی کە تاکوو ئێستا بەرپرسانی پەیوەندیدار و هیچ بەرپرسێکی تری ڕێژیم ئاوڕی لە بارودۆخی نالەبار و دژواری ژیانی لێقەماوانی ئەو پارێزگایە نەداوەتەوە، زۆر جار ڕێگرییان لە یارمەتییەکانی خەڵکی خۆبەخشی کوردستان کردووە، بەتایبەت لە سەرەتای ئەو کارەساتەوە کە کاتێک لەلایەن خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستانەوە یارمەتی بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ناوچەکانی پارێزگای کرماشان بەڕێ دەکرا، لە لایەن میلیشا چەکدارەکانی سوپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە ڕێگری لێ دەکرا.