کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دان بە هەڵە سیاسییەکانیاندا دەنێن

12:35 - 23 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکدا، دانی بەوەدا ناوە کە هەڵە سیاسییەکانی دەوڵەت، لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشە ئابوورییەکانی ئێران دێنە ئەژمار.

"ئێسحاق جەهانگیری"، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە ئابووریی ئێران تووشی شۆکێکی گەورە بووە و ڕایگەیاندووە کە: "ناتوانین بڵێین هۆکارەکەی، تەنیا گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێرانە، بەڵکوو سیاسەتە هەڵەکانی خۆمان، هۆکارێکی سەرەکیی ئەم کێشە ئابوورییانەن".

جێگری سەرکۆماری ئێران هەروەها دانی بەوەشدا ناوە کە کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە سەرمایە و سامان لە دەستی کاربەدەستانی ڕێژیمدایە کە ئەمە کۆمەڵگا تووشی بێهیوایی دەکات.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێ کەسانی بلیمەت و هەروەها دامەزراوەکانی نێو کۆمەڵگا خۆیان لە داهاتووی وڵاتدا بە بەرپرسیار بزانن و لە سیاسەتداناندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕن و بێ هیوا نەبن.

 ئەم قسانەی "جەهانگیری" لە حاڵێکدایە کە لە لایەن خودی ڕێژیمی ئێرانەوە، جیا لەوەی کە هیچ دەرفەتێکی پێشکەوتن و ڕۆڵگێڕان بۆ کەسانی لێهاتوو و شارەزا دابین نەکراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەیەکی زیاتر لەم کەسانە ئێران بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە هەندەران دەکەن، کار و کردەوە هەڵەکانی خودی ڕێژیمیش زیانێکی ئێجگار زۆری بە خەڵکی ئێران و بەتایبەت چینی هەژار گەیاندووە.