کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم داوا لە ئیسماعیل بەخشی دەکەن قسەکانی خۆی ڕەت بکاتەوە

17:34 - 19 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، گوشاریان خستووەتە سەر ئیسماعیل بەخشی کە وتەکانی خۆی لەمەڕ ئەشکەنجەدەران لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا ڕەت بکاتەوە.

فەرزانە زیلاوی، پارێزەری ئیسماعیل بەخشی، کرێکاری دەسبەسەرکراو له ناڕەزایەتییەکانی هەفت‌تەپەدا، باسی لە گوشاری ناوەندەکانی رێژیم بۆ سەر بەخشی کردووە، که دەبێ قسەکانی خۆی سەبارەت به ئەشکەنجەکانی ماوەی دەسبەسەربوونی لە زینداندا ڕەت بکاتەوە.

ئیسماعیل بەخشی، چالاکی کرێکاری و نوێنەری کرێکارە ناڕازییەکانی هەفت‌تەپە، پاش هاتنەدەر لە زیندان لە نامەیەکی سەرئاوەڵادام، بۆ وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم باسی لە ئەشکەنجەکانی نێو زیندانی کردووە و داوای لەم وەزیرەی ڕێژیم کردووە، کە لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن، کە ئەم داواکارییەی بەخشی لە لایەن ٣٤ دامەزراوەی خوێندکارییەوە پشتیوانی لێ کرا.

زیلاوی، سەبارەت بە دۆسییەکەی بەخشی ڕایگەیاندووە: که دۆسییەکە لە قۆناغەکانی سەرەتاییدایە، بەڵام گوشارەکان بۆ ڕەتکردنەوەی وتەکانی بەخشی زۆرە، لەم ڕۆژانەدا زۆر کەس ناوبراویان خستووەتە ژێر گوشار که دەبێ قسەکانی خۆی ڕەت بکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە دژکردەوە بەم گوشارانەدا، بەکارهێنەرانی تٶڕە کۆمەڵایەتییەکان به دانانی هەشتەگی #منیش _ ئەشکەنجە _ کراوم، پشتیوانیی خۆیان لەم چالاکە کرێکارییە دەربڕێوە.